رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

تەرمی حەسەن فەرحات، فەرماندەی حەماس لەکاتێکدا بەڕێدەکرێت بۆ ناشتن، وێنە: Mahmoud ZAYYAT / AFP
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
ئیسرائیل دەڵێت، لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر ناوچەیەکی باشووری لوبنان، فەرماندەیەکی بزووتنەوەی حەماسی کوشت.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەو فەرماندەیەی حەماس کە کراوەتە ئامانج ناوی حەسەن فەرحات بووە و بەرپرس بووە لە هێرشێکی مووشەکی حەماس کە ساڵی رابردوو کرایە سەر شاری سەفاد، بە هۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتی ئیسرائیلی کوژران.
سوپای ئیسرائیل دەشڵێت، چەکدارانی حەماس لە هەر شوێنێک چالاکی بکەن، دەکرێنە ئامانج.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی لوبنانی رایگەیاند، لە ئەنجامی بۆردوومانەکە دا ئەو فەرماندەیە، کوڕ و کچێکیشی کوژراون.
کەتائیبی قەسامی باڵی سەربازیی حەماس دەڵێت، فەرحات لە شوقەکەی خۆی دا لە شاری سەیدا کوژراوە و، سوپاسی 'بەشدارییە کاراکەی' لە رووبەڕوونەوەی ئیسرائیل کرد.
حیزبوڵڵای لوبنانیش سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و رایگەیاند "بەئامانجگرتنی سەیدا، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی دووژمن دەیەوێت مەودای شەڕانگێزییەکانی فراوانتر بکات و هەموو لوبنان بەئامانج بگرێت."
حەماس و حیزبوڵڵا لە شەڕی دژی ئیسرائیل هاوپەیمانی یەکدین و حیزبوڵڵا دوای ئۆپەراسیۆنی زەوینی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، ناوە ناوە هێرشێکی سنوورداری دەکردە سەر باکووری ئیسرائیل، بەڵام سوپای ئیسرائیل هەڵمەتێکی گەورەی ئاسمانی و زەوینی دژی دەستپێکرد و، بەشێکی زۆری سەرکردەکانی حیزبوڵڵای کوشت.
نووسینگەی نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان بڵاویکردەوە، هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان، پێشێلکاری ئەو ئاگربەستەیە، کە ئیسرائیل و حیزبوڵڵا بە چاودێریی ئەمریکا کردوویانە.
ئاگربەستەکەی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە 27-11-2024 بە نێوەندگیریی ئەمریکا بۆ 60 رۆژ راگەیێندرا.
مەرجی سەرەکیی رێککەوتنەکە ئەوە بوو، حیزبوڵڵا لە باشووری رووباری لیتانی بکشێتەوە و بچێتە باکووری رووبارەکە، ئەوەش واتە 30 کیلۆمەتر دوو لە باشووری لوبنان کە هاوسنووری باکووری ئیسرائیلە؛ ئیسرائیلیش هێزەکانی لە باشووری لوبنان بکشێنێتەوە و هێزە ئاشتیپارێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و سوپای لوبنان شوێنیان بگرنەوە.
هەرچی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیلە، لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە دەستیپێکرد و لە 1ـی ئادار کۆتاییهات، هەردوولا رێکنەکەوتن ئاگربەستەکە درێژبکەنەوە، لەئەنجامدا هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەستیپێکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ