رووداو دیجیتاڵ
جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دەڵێت، تورکیا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی سووریا بکاتە پاشکۆیەکی پارێزراوی خۆی.
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ژۆن نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل گوتی: "تورکیا لە سەرانسەری ناوچەکە و شوێنەکانی دیکەی جیهان مەرامی هەیە."
گوتیشی: "پێمانوایە کاتێک سووریا پاشکۆیەکی ئێران بوو، باش نەبوو. پێمانوایە نابێت سووریا ببێتە پاشکۆیەکی سەر بە تورکیاش."
ساعر باسی لەوە کرد، ئیسرائیل لە "هەڵوێستی توند"ی تورکیا بەرامبەر بە خۆبەڕێوەبەرایەتیی کورد، بە تایبەتی لە رۆژئاڤا نیگەرانە.
دوای ئەم قسانەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە راگەیێندراوێک ئیسرائیلی سەرکۆنەکرد.
لە راگەیێندراوێکی ئێوارەی رۆژی پێنجشەممەی وەزارەتەکەدا هاتووە: "لێدوانە چەواشەکارییەکانی وەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی وڵاتەکەمان، رەنگدانەوەی ئەو دۆخە دەروونییەیە کە تێیدان''. هەروەها دەشڵێت، ''ئیسرائیل بووەتە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە''.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت: ''وێڕای ئەوەی لە سووریا هیچ هێرشێکی نەکراوەتە سەر، ئیسرائیل دوێنێ شەو (2ی نیسان) هێرشی ئاسمانی و زەوینی بۆ سەر زۆر شوێن کرد."
ئیسرائیل درەنگی شەوی چوارشەممە پێنج شاری سووریای بۆردوومانکردبوون، لە نێویاندا زیاتر لە 10 هێرشی ئاسمانیی کردنە سەر بنکەیەکی ئاسمانیی لە نزیک شاری حەما، کە دەگوترێت تورکیا دەیەوێت لەوێ بنکەیەکی سەربازی هەبێت.
دڵخواز محەممەد، پەیامنێری رووداو لە دیمەشق رۆژی پێنجشەممە گوتی، سێ ئەندازیاری تورکیا لەو بۆردوومانەدا کورژاون.
میدیای فەرمیی سووریا رایگەیاند، نۆ کەس لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری وڵاتەکە کوژران کە بە گوتەی خۆی، خەڵکی سڤیل بوون.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوە کرد، ئەوانەی کوژراون خەڵکی سڤیل و ئەندامانی هێزی ئەمنی بوون لە پارێزگەی دەرعا.
ئەمڕۆش ئیسرائیل چەندین شوێنی سووریای بۆردوومانکردن.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت: ''وەزیرانی ئیسرائیل بە بەئامانجگرتنی تورکیا، ناتوانن ئەو کۆمەڵکوژییەی لە غەززە دەیکەن، ئەو شەڕەی بەرامبەر بە گەلی فەلەستین دەیکەن، ئەو تیرۆرەی دەیکات، ئەو نیازەی کە لەبارەی لکاندنی کەرتی رۆژئاوا هەیانە، هەروەها ئەو ئامانجە پاوانخوازییانەی لە پشت هێرشەکانیان بۆ سەر لوبنان و سووریا هەیانە، بیشارنەوە''.
وەزارەتەکە دەشڵێت: ''ئیسرائیل کە لە رێگەی هێرشەکانی، یەکێتیی نیشتیمانیی و یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی ناوچەکە بەئامانج دەگرێت، هاوکات بووەتە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکەمان، ئیسرائیل بەو شێوەیە دەبێتە هۆی نانەوەی پشێوی و پەرەدان بە تیرۆر''.
وەزارەتی دەرەوەی سووریاش لە راگەیێندراوێکدا گوتی، هێرشەکانی ئیسرائیل بوونەتە هۆی "لەنێوچوونی نزیکەی تەواوی فڕۆکەخانەی سەربازیی حەما و برینداربوونی دەیان کەسی سڤیل و ئەندامانی سوپا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ