نەتەنیاهوو دەچێتە ئەمریکا و لەگەڵ ترەمپ تاوتوێی پێناسە گومرگییەکان دەکات

05-04-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی کۆشکی سپی رایگەیاند، بڕیارە رۆژی دووشەممە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەردانی ئەمریکا بکات و لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە. ئەو بەرپرسە دەڵێت، سەردانەکە بۆ گفتوگۆی ئەو پێناسە گومرگییەیە کە واشنتن بەسەر هاوردەی وڵاتەکەی لە ئیسرائیلەوە سەپاندوویەتی. 
 
رۆژی چوارشەممە، دووی نیسانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە بڕیارێک پێناسی گومرگی بەسەر هاوردەی ژمارەیەک وڵاتی جیهاندا سەپاند، کەمترینیان 10٪ و زۆرترینیش 49٪ بوو. لەو نێوەندەدا سەرۆکی ئەمریکا پێناسی گومرگی 17٪ی بەسەر ئیسرائیلدا سەپاند. 
 
بیانووی ترەمپ بۆ سەپاندنی ئەو پێناسانە ئەوە بوو کە "ئەو رێژە پێناسەیان بەسەر هاوردەی هەریەک لەو وڵاتانەدا سەپاندووە کە ئەوان بەسەر هاوردەی کەلوپەل و شمەکی ئەمریکیدا سەپاندوویانە."
 
بەرپرسێکی کۆشکی سپی کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، بڕیارە رۆژی دووشەممە، 7ـی نیسانی 2025، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەردانی ئەمریکا بکات و لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا بۆ گفتوگۆ لەبارەی پێناسی گومرگیی سەر وڵاتەکەی کۆببێتەوە. 
 
بەرپرسانی ئیسرائیلیش ئەو سەردانەی نەتەنیاهوویان پشتڕاست کردووەتەوە. 
 
دوێنێ، تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ نەتەنیاهوو کردووە و پاڵپشتیی بەردەوامی وڵاتەکەی بۆ دەربڕیوە. گوتیشی، هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر "دۆخی غەززە، هەوڵەکانی ئیدارەکەمان بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی نێو کەرتی غەززە و پێناسە گومرگییە راگەیێندراوەکە کرد". 
 
بە گوێرەی راوێژکارێکی باڵای کۆشکی سپی کە قسەی بۆ میدیای وڵاتەکەی کردووە، ترەمپ لەبارەی پێناسە گومرگییەکان قسەی لەگەڵ نوێنەرانی هەریەک لە وڵاتانی ئیسرائیل، هیندستان و ڤێتنام کردووە بۆ ئەوەی رێژەی پێناسە گومرگییەکان لەسەر هەریەکەیان کەمبکاتەوە پێش ئەوەی جێبەجێ بکرێن. 
 
رۆژی پێنجشەممە بەرپرسێکی وەزارەتی ئابووریی ئیسرائیل رایگەیاند، پێناسە گومرگییەکە کاریگەریی گەورەی لەسەر هەناردەی کەلوپەلی تەندروستی و ئامێرەکان بۆ ئەمریکا دەبێت. 
 
واشنتن و تەلئەڤیڤ پەیوەندییەکی بەهێزی مێژووییان هەیە. ئەمریکا بە چەک و چەندین شێوازی دیکە پاڵپشتیی ئیسرائیلی لە جەنگ و گرژییەکاندا کردووە. لە بواری ئابووریش، 40 ساڵ پێش ئێستا هەردوو وڵات رێککەوتنێکیان بۆ لابردنی باج لەسەر 98٪ـی هاوردەی یەکدی کرد. 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە