رووداو بەدواداچوون بۆ دۆخی کوردانی دانیشتووی باشووری لوبنان دەکات؛ 'رەوشمان خراپە و نانی رۆژانەمان نییە'

06-11-2024
پەیمان محەممەد
نیشانەکردن رووداو لە لوبنان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رووداو بەدواداچوون بۆ دۆخی کوردانی نیشتەجێی لوبنان دەکات؛ ژمارەیەک کورد، کە بەهۆی شەڕ لە رۆژئاوای کوردستان ئاوارەی لوبنان بوون، دیسانەوە بوونەتە قوربانیی شەڕ و هەر لەو وڵاتە دووبارە ئاوارەبوون، ئەوە جگە لەوەی لە بۆردوومانەکاندا ژمارەیەکیان گیانیان لەدەستداوە، یان بریندار بوون.
 
لە نێو ئاوارەکانی باشووری لوبنان، ژمارەیەک خێزانی کورد هەن و زۆربەیان خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن. پێش دەستپێکردنی جەنگی ئیسرائیل و چەکدارانی حیزبوڵڵای لوبنان، کوردەکانی ئەوێ خەریکی کاری جووتیاری بوون، بەڵام دوای بۆردوومانەکانی سوپای ئیسرائیل، هاتوونەتە دەوروبەری شاری بەیرووت.
 
نوێنەر فاتیح، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ لوبنان، سەردانی شوێنی مانەوەی بەشێک لەو هاونیشتمانییانەی کرد. بە هاوکاریی کۆمەڵەی خێرخوازیی کورد، شوێنی مانەوە بۆ ژمارەیەک لە ئاوارەکان دابین کراوە.
 
خالیدە (دایکی جەمیل) خەڵکی جندرێسی رۆژئاوای کوردستانە و لەگەڵ چوار منداڵ و خوشکەکەی ئاوارەی بەیرووت بوون، بە رووداوی گوت ''ئێمە لە باشووری لوبنان خەریکی کاری کشتووکاڵی بووین، بەڵام بەهۆی جەنگەوە هاتووینەتە ئێرە و دۆخمان هیچ باش نییە.''
 
 
خالیدە باس لە دۆخی ژیانی خۆیان دەکات و دەڵێت، ''پێنج رۆژ لە باشووری لوبنان لەنێو شەڕدا ماینەوە چونکە پارەمان نەبوو خۆمان رزگار بکەین. دواتر دامەزراوەیەکی خێرخوازی پارەی پێداین و دەربازی کردین.''
بەگوتەی ئەو هاونیشتمانییە، بەهۆی بۆردوومانەکانی باشووری لوبنان، منداڵەکانی ترساون و دۆخەکە کاریگەریی لەسەر خۆیشی داناوە؛ ''هیچ کارێکمان نییە، هیچ کەسیش جگە لەو رێکخراوەیە (کۆمەڵەی کوردانی لوبنان) یارمەتیمان نادات.'' 
 
وەک خالیدە دەڵێت، جگە لە ئەوان، ژمارەیەکی زۆر هاونیشتمانی لە باشووری لوبنان کشتوکاڵییان کردووە؛ ئێستا هەموویان بەهۆی شەڕەوە ئاوارە بوون.
 
لە کۆتایی ئەیلوولی ئەم ساڵ، ئیسرائیل هێرشەکانی دژی حیزبوڵڵای لوبنان فراوانکردووە. 
 
خالیدە ئاماژەی بەوەش کرد، لە یەکێک لە بۆردوومانەکاندا، تەنیشت ماڵی ئەوان کراوەتە ئامانج ''بەهۆیەوە ژمارەیەک کورد و عەرەب کوژراون، چوار منداڵ و ژنێک لە ژێر داروپەردوودا مانەوە و کەسێکیش لاقی پەڕی، بەڵام خۆی دەرباز کرد.''
  
دەبستان مستەفا، تەمەن 16 ساڵ، یەکێکی دیکە لەو هاونیشتمانییانە بوو کە قسەی بۆ رووداو کرد، گوتی ''کاتی بۆردوومانەکە لە ماڵەوە بووین، من زۆر ترسام و هەموو شتێکم بە چاوی خۆم بینی، سێ لە هاوڕێکانم بریندار بوون.''
 
خالیدە گلەیی لە دۆخی ژیانیان دەکات و دەڵێت ''هاوژینەکەم لەگەڵ نییە، 9 ساڵ لەمەوپێش چووەتەوە سووریا و بێسەروشوێنە، نازانین مردووە یان ماوە، پارەشمان نییە بگەڕێینەوە سووریا؛ ئێستاش لێرە کرێی خانوو گرانە، کارەبا و حەماممان نییە، ناچارین بە ئاوی سارد سەرمان بشۆین، هیچ کارێکمان نییە، ئەگەر خواردنمان بۆ نەهێنن، هیچ شتێکمان نییە بشیخۆین.''
 
بەهۆی جەنگی ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان، زیاتر لە 1.3 ملیۆن لوبنانی ئاوارە بوون کە بەشێکیان روویان لە عێراق کردووە.
 
18ـی تەممووزی 2024، مستەفا شێخۆ، چالاکڤانی کورد لە باشووری لوبنان بە رووداوی گوت، ''زیاتر لە 120 هەزار کوردی رۆژئاوای کوردستان و بە دیاریکراوی عەفرینی، لە باشووری لوبنان دەژین،  بەهۆی ئاڵۆزی و شەڕی عەفرینەوە، پەنایان بۆ ئەو سنوورانە هێناوە و لەوێ زیاتر سەرقاڵی کشتوکاڵ و جووتیارین.'' 
 
ئیسرائیل رایگەیاند سێ شوێن دەکاتە ئامانج؛ دوای 45 خولەک هێرشەکەی کرد 
 
نوێنەر فاتیح، نێردراوی رووداو لە بەیرووتەوە ئێوارەی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 6-11-2024) گوتی سوپای ئیسرائیل چەند کەمێک پێش ئێستا رایگەیاند ژمارەیەک ئامانج هەیە لە باشووری بەیرووت ئەوەی کە بە زاحیە ناسراوە، "سێ شوێنەکەی لە نەخشە دەستنیشانکردووە و داوای لە خەڵک کردووە لایەنی کەم 500 مەتر لەو شوێنانە دووربکەونەوە."
 
نێردراوەکەی رووداو دەڵێ ئێستا خەڵک لە زاحیە نەماون، بەڵکو ئەوەی ماوەتەوە ژمارەیەکی زۆر کەمی خەڵک و لایەنی ئاسایشی حیزبوڵڵان.
 
 
ئەمڕۆ رۆژێکی سیمبوولی بوو بۆ حیزبوڵڵا بەهۆی ئەوەی چلەی کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵایە کە لەلایەن ئیسرائیلەوە پێش 40 رۆژ
کوژرا. لە گوتارێکیشدا نەعیم قاسم، ئەمینداری نوێی حیزبوڵڵا رایگەیاند ئەوەی ئەو جەنگە یەکلایی دەکاتەوە، رێککەوتنی سیاسی نییە، بەڵکو شەڕی سەر زەوییە.
 
لەکاتێکدا نێردراوی رووداو ئەم زانیارییانەی دەدا، ئیسرائیل هێرشەکەی کرد و دوای چەند چرکەیەک دووکەڵی بەئامانجکردنەکە لە باکووری زاحیەی بەرزبووەوە، نوێنەر فاتیح دەڵێ "ئیسرائیل پێش 45 خولەک، رایگەیاندبوو ئێرە دەکاتە ئامانج."

 

 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی بزووتنەوەی حەماس.

شاندێکی حەماس لەگەڵ بەرپرسانی میسر لەبارەی ئاگربەست کۆبوونەوە

بەرپرسێکی حەماس رایگەیاند: "شاندەکە لەگەڵ جەنەراڵ حەسەن رەشاد، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی میسر و ژمارەیەک بەرپرسی هەواڵگریی میسر کۆبوونەتەوە و گفتوگۆیان لەبارەی رێگەکانی وەستاندنی شەڕ و دەستدرێژییەکان کردووە".