رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئیسرائیل رێگە بە دوو پەرلەمانتاری بەریتانیا نادات بچنە نێو وڵاتەکە، بۆ ماوەیەکیش دەستگیریان دەکات، پێش ئەوەی دیپۆرتی بەریتانیایان بکاتەوە؛ حکومەتی بەریتانیا ناڕەزایەتی دەربڕی و رایگەیاند، ئەو هەنگاوەی ئیسرائیل "قبوڵکراو نییە."
رۆژی شەممە 05ـی نیسانی 2025، شاندێکی بەریتانیا بە سەرۆکایەتیی دوو پەرلەمانتاری سەر بە پارتی کاری بەریتانیا بەناوەکانی یووان یانگ و ئیبتیسام محەممەد، لە فرۆکەخانەی تەلئەڤیڤ لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلەوە رێگەیان پێنەدرا بچنە نێو ئیسرائیلەوە و بۆ ماوەیەکی کاتیش دەستگیر کران، دواتر خرانە نێو فرۆکەیەک و دیپۆرت کرانەوە.
بەگوێرەی میدیای بەریتانی، وەزارەتی کاروباری کۆچبەران و پەنابەران رایگەیاندووە، هۆکاری دەستگیرکردن و دیپۆرتکردنەوەی ئەو دوو پەرلەمانتارە بەریتانییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو دوو پەرلەمانتارە پلانیان هەبووە بەشداری خۆپێشاندانەکانی نێوخۆی ئیسرائیل بکەن و "پەیام دژی ئیسرائیل بڵاوبکەنەوە."
لەبەرامبەردا، دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاند ئەو کردەوەیەی ئیسرائیل بە "هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە و ئێمەی نیگەران کردووە."
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا گوتی: "بەڕاشکاوانە بە هاوتا ئیسرائیلییەکەم راگەیاندووە؛ ئەو جۆرە مامەڵەیە شیاوی پەرلەمانتارانی بەریتانیا نییە، ئێمە لەسەر هێڵێن لەگەڵ هەردوو پەرلەمانتارەکە و بەهەموو شێوەیەک پاڵپشتیان دەکەین."
حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاندووە، ئەو دوو پەرلەمانتارە بەریتانییە بەنیازبوون لەکاتی سەردانەکەیاندا بۆ ئیسرائیل، ڤیدیۆی هێزە ئەمنییەکان بگرن و پەیام دژی هێز و سوپای ئیسرائیل بڵاوبکەنەوە.
حکومەتی بەریتانیاش لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاند، سەرنجی ئەوان لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە، "گەڕانەوەیە بۆ ئاگربەست و گفتوگۆکردنە بۆ کۆتاییهێنان بە خوێنڕشتن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ