لە دوو هەفتەی ئاگربەستی غەززەدا 18 بارمتە بەرامبەر بە 583 گیراوی فەلەستینی ئاڵوگۆڕکراون

02-02-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
بڕیارە لە چوار هەفتەی داهاتوودا 15 بارمتە لە بەرامبەر 500 گیراوی فەلەستینی ئازاد بکرێن.
بڕیارە لە چوار هەفتەی داهاتوودا 15 بارمتە لە بەرامبەر 500 گیراوی فەلەستینی ئازاد بکرێن.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەو کەسەی لە سەرەتای ئەم ڤیدیۆیەدا دەردەکەوێت، ناوی کیت سیگاڵە و هاووڵاتییەکی ئەمریکی - ئیسرائیلییە. سیگاڵ دوای 484 رۆژ لە ژیانی بارمتەیی، لە شاری تەلئەڤیڤ بە خێزانەکەی شاد بوویەوە.
 
جۆ فێدرنمان، شرۆڤەکارە و لەبارەی ئاڵوگۆڕی بارمتەکان بە زیندانییەکان دەڵێت، "دوایین ئاڵوگۆڕ، بێ کێشەترین پرۆسە بوو لەو چوار گەڕە پرۆسە ئاڵوگۆڕییەی تاوەکو ئێستا هەبوون. پاشان، ئیسرائیل رازی بوو بە کردنەوەی دەروازەی رەفەح. ئەوەش پێشهاتێکی گرنگە، چونکە لەو دەروازەیەوە فەلەستینییەکان دەتوانن بچنە دەرەوەی غەززە."
 
لە 19ـی کانوونی دووەمەوە بزووتنەوەی حەماس 18 بارمتەی ئازاد کردوون، لە بەرامبەردا ئیسرائیل 583 گیراوی فەلەستینی ئازاد کردوون.
 
بڕیارە تاوەکو چوار هەفتەی دیکە، 15 بارمتەی دیکە و نزیکەی هەزار و 500 گیراوی فەلەستینی ئازاد بکرێن. نزیکەی 80 بارمتە ماون، کە کوژرانی 34یان لەلایەن ئیسرائیلەوە پشتڕاست کراوەتەوە.
 
بنیامین نەتەنیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی بەڕێوەچوونی رێککەوتنی بارمتەکان باس لەوە دەکات، "دوای ئەو ئاڵۆزییانەی چەند رۆژێک لەمەوپێش بینیمان، فەرمانمان کرد بارمتەکانمان بەشێوەیەکی سەلامەت رادەست بکرێنەوە. هەروەک لەدوایین ئاڵوگۆڕدا بینیمان پرۆسەکە هێمنانە بوو، بۆیە چاوەڕێ دەکەین گەڕەکانی دیکەش بە هێمنانە بەڕێوەبچێت."
 
بڕیارە رۆژی دووشەممە لە واشنتن، نەتەنیاهوو لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا باسی گەڕی دووەمی ئاگربەستەکە بکات کە بڕیارە لە 16ـەمین رۆژی گەڕی یەکەمدا گفتوگۆکان لەبارەی دەستپێبکەن. 
 
گەڕی دووەم بریتییە لە ئازادکردنی 65 بارمتە و کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە غەززە.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە