رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
گیدیۆن سار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر
رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئیسرائیل دەڵێت، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل و هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.
رۆژی هەینی 03-01-2025 رۆژنامەی ئیسرائیل هایۆم بڵاویکردەوە: "گیدیۆن سار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی درێژیان ئەنجام داوە."
رۆژنامەکە لەبارەی نێوڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە دەڵێت، بەرپرسە "کوردەکە باسی دەستگیرکردن و لەسێدارەدانی هەڕەمەکییانەی هاووڵاتییانی کوردی لەلایەن دەسەڵاتی نوێی سووریاوە کردووە."
ئیسرائیل هایۆم بڵاویکردوەتەوە: "گیدیۆن سار بە ئیلهام ئەحمەدی گوتووە، ئەو هەمیشە باس لە نیگەرانییەکانی کورد لە هەموو گفتوگۆیە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان دەکات."
گیدیۆن سار لە تشرینی دووەمی 2024 لە شوێنی یسرائیل کاتز بووە وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل. سار پێشتر وەزیری پەروەردە، وەزیری داد، وەزیری ناوخۆ و جێگری سەرۆکوەزیران بووە.
سار لە دوو مانگی رابردوودا چەندجارێک لەبارەی کوردی رۆژئاوای کوردستان قسەی کردووە.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رۆژی 27-12-2024 لە کۆبوونەوەیەکدا لە وەزارەتەکەی لەبارەی دۆخی سووریا گوتی: "شەڕ لەگەڵ عەلەوییەکان هەیە؛ هەڕەشەی ئاشکرا لەلایەن ئەردۆغانەوە بۆ نەهێشتنی خۆبەڕێوەبەریی کورد هەیە؛ هەراسانکردنی کۆمەڵگەی کریستیانیش هەیە."
ئەو وەزیرە رۆژی 10-11-2024 ش لە رێوڕەسمێکدا لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی لە ئۆرشەلیم-قودس قسەی کرد و گوتی: "کورد نەتەوەیەکی مەزنە و لەو نەتەوانەیە کە سەربەخۆیی سیاسی نییە. ئەوان [نەتەوەی کورد] هاوپەیمانی سرووشتیی ئێمەن."
سار هەر ئەو رۆژە گوتی، "کورد قوربانیی ستەمکاریی ئێران و تورکیایە. پێویستە ئیسرائیل پەیوەندییان لەگەڵ بەهێز بکات."
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەبارەی ئەو هەواڵە هیچی بڵاونەکردوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ