رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، ئێران بە ئەنجامدانی هێرشە مووشەکییەکەی رۆژی سێشەممە بۆ سەر ئیسرائیل هەڵەیەکی گەورەی کرد و باجەکەیشی دەدات.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەیەکی کابینەکەیدا گوتی، "ئێران ئەمشەو هەڵەیەکی گەورەی کرد و باجەکەیشی دەدات".
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکرد، "هەر کەس هێرشمان بکاتە سەر، هێرش دەکەینە سەری".
ئەم گوتەیەی نەتەنیاهوو لە کاتێکدایە، دەوروبەری کاژێر 19:30ی رۆژی سێشەممە 1-10-2024 سوپای پاسداران ئێران بە دەیان مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.
هاوکات وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی لە بەرامبەر هێرشەکەی ئێران بێ وەڵام نامێنێتەوە.
یواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتی، "ئێران وانەیەکی سادە فێر نەبووە، ئەویش ئەوەیە ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر دەوڵەتی ئیسرائیل، باجێکی گەورە دەدەن".
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، هێرشەکە لە رێگەی نزیکەی 180 مووشەکی بالیستییەوە بووە و زۆربەیان خراونەتە خوارەوە.
یواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتی، "ئێران وانەیەکی سادە فێر نەبووە، ئەویش ئەوەیە ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر دەوڵەتی ئیسرائیل، باجێکی گەورە دەدەن".
سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی هێرشەکە گوتی، وەڵامێک بووە بۆ "شەهیدبوونی ئیسماعیل هەنییە، حەسەن نەسروڵڵا و عەباس نیلفرووشان".
ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە کۆتایی مانگی تەمموزدا لە تاران کوژرا، ئەوەش کاتێک بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی مەسعود پزیشکیان وەک سەرۆککۆماری ئێران چووە تاران.
رۆژی 27-09-2024یش هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بارەگای سەرەکی حیزبوڵڵای لوبنانی لە بەیرووت بۆردوومانکرد و لە ئەنجامدا حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا و عەباس نیلفرووشان، بەرپرسی دۆسیەی لوبنان لە سوپای پاسداران، کوژران.
سوپای پاسداران گوتیشی، ئەگەر "رژێمی زایۆنی کاردانەوەی هەبێت لەبەرامبەر ئۆپەراسیۆنەکەمان، رووبەڕووی هێرشی تووند دەبێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ