رووداو دیجیتاڵ
دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ درۆنێکی بۆمبرێژکراو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر خراوەتە خوارەوە. مقاوەمەی ئیسلامیش هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت و دەڵێت، هێرشەکانیان "بەردەوام دەبن."
رۆژی یەکشەممە 31-12-2023 دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، کاژێر 16:54 خولەکی ئێوارە درۆنێک کە لە لایەن "میلیشیا لە یاسا دەرچووەکانەوە" ئاراستە بنکەی سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێڕ کرابوو، تێکشێکندرا و خرایە خوارەوە.
دوای هێرشەکە، مقاوەمەی ئیسلامی کە گرووپێکی چەکداری شیعەیە ئەو هێرشەی لە ئەستۆ گرت و رایگەیاند، "لە وەڵامدانەوەی ئەو تاوانانەی دوژمن لە دژی خەڵکی غەززە دەیانکات، هێرشمان کردووەتە سەر بنکەی هاوپەیمانان لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و جەخت لەوەدەکەینەوە لە وەڵامدانەوەی کردەوەکانی دوژمنان و لەنێوبردنیان بەردەوام دەبین."
ئەو هێرشە لە کاتێکدایە، کاژێر 11:45ـی شەوی رابردوو بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری پیرمام - هەولێر، بەڵام جگە لە زیانی مادی، زیانی گیانی لێ نەکەوتووە.
لەوبارەوە، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و داوای لە حکومەتی عێراق کرد رێکاری جیدی بەرامبەر بە بکەرانی ئەو هێرشە بگرێتەبەر بۆ دۆزينهوهى پهلاماردهران و بهسزاگهيانديان و بۆ ئهم مهبهسته لێكۆڵينهوهى هاوبهش و هاوئاهەنگی لهگهڵ حكومهتى ههرێمى كوردستاندا بكەن.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "بهردهواميى هێرش و پهلامارى درۆنى بۆ سهر ههرێمى كوردستان، تهنيا زيان به ئارامى و سهقامگيريى عێراق دهگهيهنێت و دۆخهكه ئاڵۆزتر دهكات.
هاوکات، شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیرانی عێراق "داوای لە دەزگا ئەمنییەکان کرد لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر دەستپێبکەن و دەزگا ئەمنییەکانی راسپارد لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگی بکەن بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە.
ئەم جۆرە هێرشانەی سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق، هەرێمی کوردستان، سووریا و رۆژئاوای کوردستانیش لە دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە 7ـی تشرینی یەکەمەوە زیادیان کردووە.
بە گوێرەی پێنتاگۆن، لە 17ـی تشرینی یەکەمەوە تاوەکو 09-12-2023ـەوە 78 هێرش بە درۆن و مووشەک کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا؛ 37ـیان لە عێراق و 41ـیان لە سووریا، کە بە هۆیانەوە زیاتر لە 60 سەرباز و راوێژکاری ئەمریکی بە سووکی برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ