هێزە ئەمنییەکانی ئێران رێگەیان نەدا رێوڕەسمی چلەی ماتەمینی کوژراوانی جوانڕۆ بەڕێوەبچێت

31-12-2022
فواد حەقیقی
کۆبوونەوەی خەڵک لەسەر گۆڕستانی جوانڕۆ
کۆبوونەوەی خەڵک لەسەر گۆڕستانی جوانڕۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

خەڵکی شاری جوانڕۆ لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەمڕۆ شەممە چوون بۆ گۆڕستانی ئەو شارە تاوەکو رێوڕەسمی چلەی ماتەمینی 7 کەس لە کوژراوانی ئەو شارە بەڕێوەببەن، بەڵام هێزە ئەمنییەکان رێگرییان لە خەڵک کرد. ئەمە ناڕەزایەتی لێکەوتەوە و هێزە ئەمنییەکان تەقەیان کرد و گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا.
 
دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان رێگرییان کرد خەڵک بچنە سەر گۆڕی کوژراوەکانی ناڕەزایەتییەکان، خەڵک لەنێو شار دەستیان بە ناڕەزایەتی کرد و دژی دەسەڵاتی ئێران دروشمیان دا.
 
سەرچاوە خۆجێییەکان باس لە برینداربوونی چەند خۆپێشاندەرێک دەکەن، بەڵام برینداربوونی یەک کەس بۆ رووداو پشتڕاستکراوەتەوە.
 
بەیانیی ئەمڕۆ خەڵکێکی زۆر لە شاری جوانڕۆوە بەرەو گۆڕستانی ئەو شارە چوون بۆ ئەوەی رێوڕەسمی چلەی ماتەمینی کوژراوانی خۆپێشاندنەکان بەڕێوەببەن، بەڵام هێزیکی ئەمنیی زۆر دەوروبەری گۆڕستانەکەیان گرتبوو و رێگەیان نەدا خەڵک بچنە نێوی. خەڵک گوشاریان هێنا بچنە نێو گۆڕستانی جوانڕۆ، بەڵام هێزە سەربازییەکان تەقەیان کرد و گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا و بە زۆر پاشەکشەیان بە خەڵک کرد، دواتر خەڵک دەستیان بە دروشمدان کرد.
 
لە رۆژانی رابردوودا حکومەت هێزێکی ئەمنیی زۆری لە شاری جوانرۆدا جێگیر کردبوو و، بەپێی هەواڵی سەرچاوە خۆجێیەکان، لە شاری کرماشانەوە هێزی تایبەت رەوانەی شاری جوانڕۆ کرابوو.
 
لە خۆپێشاندانەکانی رۆژی 20.11.2022ی شاری جوانڕۆدا عیرفان کاکایی و بەهائەدین وەیسی گیانیان لەدەستدا و رۆژی دواتریش دوای بەخاکسپاردنی ئەو دوو هاونیشتمانییە ناڕەزایەتی روویدا و تەحیسن میری، جەوهەر فەتاحی، مەسعود تەیموری، ئیسماعیل گوڵعەنبەر و جەمال ئەعزەمی بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەستدا. لەو رووداوانەدا ژمارەیەکی زۆری خۆپێشاندەریش بریندار بوون.
 
لە چلەی ماتەمینیی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا خەڵک دەچنە سەر گۆڕی کوژراوەکان و ئەمەش وەک دەرفەتێک بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەکاردەهێنن.
 
لە ماوەی 40 رۆژی رابردوودا دۆخی ئەمنی بەسەر جوانڕۆدا زاڵ بووە و هەموو جۆرە هاتووچۆیەکی خەڵک لە دەروازەکانی شارەوە کۆنترۆڵ کراوە. ئەمە تەنانەت ناڕەزایەتی نوێنەری جوانڕۆ و هەورامانیشی لێکەوتەوە. ئارش لهۆنی، نوێنەری جوانڕۆ و هەورامان رۆژی 27.12.2022 لە پەرلەمانی ئێران گوتی: "نزیکەی 50٪ی کار و سەرچاوەی داهاتی خەڵک راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەندی بە بازاڕچەی جوانڕۆ و گەشتیاریی بازرگانییەوە هەیە؛ بۆیە داوا لە بەرپرسان دەکەم لە ماوەیەکی زۆر کورتدا چالاکی خاڵەکانی پشکنینی دەروازەکانی جوانڕۆ رابگرن."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە