رووداو - هەولێر
راگری کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان رایگەیاند، لەگەڵ شاندێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا سەردانی وەزارەتی تەندروستییان کردووە و لەگەڵ وەزیر کۆبوونەتەوە و بڕیاری دا لە ئەمڕۆوە کار بکەن بۆ ئەوەی نەخۆشخانەکانی کەلار بکرێنە فێرکاری و 14 مامۆستاش راژەکانیان بگوازرێتەوە کۆلێژی پزیشکیی زانکۆکە. بەڕێوەبەری تەندروستی گەرمیانیش دەڵێت، ئەوان رەزامەندنی نادەن 14 پزیشکیان بگوازرێتەوە بۆ خوێندنی باڵا.
لە 25ـی 9ـی 2023ـەوە خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە و داوا دەکەن بگوازرێنەوە بۆ زانکۆکانی دیکە، چونکە زانکۆکەیان ناتوانێت زۆربەی پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکات، بە نموونە تاوەکو ئێستا لە سنوورەکەیان نەخۆشخانەیەکی فێرکاری نییە بۆ ئەوەی بە کرداری وانەکانیان بخوێنن.
رۆژی سێشەممە 31-10-2023 د. شێرکۆ نەریمان، راگری کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوێنێ لەگەڵ شاندێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا سەردانی وەزارەتی تەندروستیمان کرد و لەگەڵ وەزیری تەندروستی کۆبووینەوە، یەکێک لە گرفتەکانمان ئەوەبوو هیچ نەخۆشخانەیەکی فێرکاری لە کەلار نییە بۆ ئەوەی خوێندکاران تێدا وانەکانیان بە کرداری بخوێنن، بە بڕیاری وەزیر نەخۆشخانەکانی سنوورەکەمان دەکرێنەوە فێرکاری."
بە گوتەی راگری کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان، وەزارەتی تەندروستی بڕیاریداوە لە ئەمڕۆوە کار بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە بکات و گوتی: "چوار نەخۆشخانە لە سنوورەکەمان هەن، کە بڕیارە هەرچواریان بکرێنە فێرکاری. ئەگەر کرانە فێرکاری پێویستیمان بە هەندێک ئامێر دەبێت، بەڵام ئەوە دەکرێت دوای بوون بە فێرکاری داوای بکەین و قۆناخ بە قۆناخ پێداویستییەکانمان بۆ دابین بکرێت."
کۆلێژیی پزیشکی زانکۆی گەرمیان 15 پزیشک، 5 مامۆستای زانستی بنچینەیی و دوو مامۆستای گرێبەستی هەیە. بۆیە یەکێکی دیکە لە گرفتەکانیان گواستنەوەی راژەی 14 مامۆستا بوو بۆ کۆلێژەکەیان. د. شێرکۆ نەریمان گوتی: "هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و تەندروستی بەڵێنیانداوە کار لەسەر ئەو داواکارییەش بکەن و 14 پزیشک لە تەندروستی گەرمیانەوە دەگوازرێنەوە کۆلێژی پزیشکیی زانکۆکە."
لە بەرامبەردا دکتۆر سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری تەندروستی گەرمیان ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە رەزامەندی نادەن بۆ گواستنەوەی 14 پزیشکمان بۆ سەر وەزارەتی خوێندنی باڵا، چونکە بەرنامەمان وایە نەخۆشخانەی کفری بکەینە 24 کاژێریی و ئەو پزیشکانەمان بۆ ئەوێ پێویستە".
دوای چارەسەرکردنی گرفتەکانی کۆلێژەکە، ئێستا زانکۆکە داوا لە خوێندکارانی دەکات بگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن و راگری کۆلێژەکەیان دەڵێت، تاوەکو ئێستا تەنیا قۆناخی شەشەم و لە کۆی 25 خوێندکاری قۆناخی پێنجەمیش تەنیا پێنجیان دەوام دەکەن.
کۆلێژی پزیشکی زانکۆی گەرمیان ساڵی 2018 بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران دامەزرا. ئەحمەد غازی، نوێنەری خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان لەبارەی گەڕانەوەیان بۆ دەوام بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دەبێت هەموو بڕیارەکان بە نووسراو و بە کردار ببینین ئەوکات دەگەڕێینەوە هۆڵەکانی خوێندن، تاوەکو ئێستا دەستمان بە دەوام نەکردووە، قۆناخەکانی یەکەم، دووەم، سێیەم، چوارەم و بەشێکی زۆری پێنجەمیش دەوام ناکەن."
هەر ئەمڕۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەراگەیێندراوێکدا گوتی، دوێنێ شاندێکی وەزارەتى خوێندنى باڵا بەسەرۆکایەتى د.عەبدوفەتاح عەبدولڕەزاق، بریکارى وەزارەت، د.ئامانج عەبدوڵڵا سەعید، راوێژکارى وەزیر، د.خەتاب ئەحمەد، بەڕێوەبەرى گشتىی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون و راگرى کۆلێژى پزیشکى زانکۆی گەرمیان، سەردانى وەزارەتى تەندروستىیان کرد و لەلایەن د.سامان بەرزنجى، وەزیرى تەندروستى و د.رەهێڵ فەرەیدون، بریکارى وەزارەت پێشوازییان لێکرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، باس لە کێشە و گرفتەکانى کۆلێژى پزیشکى زانکۆى گەرمیان کراوە و لە هەمانکاتدا باس لە نەخشە رێگەی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانە کراوە و وەزیرى تەندروستى ئامادەیی خۆى بۆ چارەسەرکردنى گرفتەکان پیشاندا و هەموو ئامادەییەکى وەزارەتەکەى خستەڕوو، بەتایبەت پرسی دابینکردنی ستافی ئەکادیمی و گۆڕینی پۆڵێنبەندی نەخۆشخانەکانی گەرمیان بۆ نەخۆشخانەی فێرکاری.
هەر لە راگەیێندراوەکەی خوێندنی باڵا هاتووە: "د.سامان بەرزنجی، ئامادەیى نیشانداوە بۆ دەستەبەرکردنى ستافى پێویست بۆ کۆلێژەکە لەڕێگەى گواستنەوەیان بۆ سەر میلاکى کۆلێژى پزیشکى و دواتریش تەنسیبکردنەوەیان بۆ سەر وەزارەتى تەندروستى بە رەچاوکردنی رێوشوێنە زانستی و کارگێڕییەکان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ