رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەپێی پێشبینییەکان، سبەی پلەی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ، یەک بۆ دوو پلە بەرزدەبێتەوە. شارەزایەکی کەشناسیش دەڵێت، پێشبینی دەکرێت لە سەرەتای مانگی ئابەوە بەتایبەت لە 4ـی ئابەوە تاوەکو 10 بۆ 15ـی مانگ، "گەرمایەکی تاقەتپڕوکێن" بەشی زۆری هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
رۆژی دووشەممە، 31-07-2023، بەشی کەشناسی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەگوێرەی پێشبینییەکان، سبەی ئاسمان ساماڵ دەبێت و بەراورد بە ئەمڕۆ پلەی گەرما یەک بۆ دوو پلە بەرز دەبێتەوە؛ نزمترین پلەی گەرما لە حاجی ئۆمەران تۆمار دەکرێت کە 34 پلەی سیلیزی و بەرزترینش لە کەرکووک و گەرمیان تۆمار دەکرێت کە 45 پلەی سیلیزی دەبێت.
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە دەستپێکی مانگی ئاب بەتایبەتی لە 4ـی ئابەوە تاوەکو 10 بۆ 15ـی مانگ شێیەکی زۆر لە نیمچە دوورگەی عەرەبەوە دێت و پلەی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو هەڵدەکشێت، لە هەندێک شوێن بەتایبەتی لە گەرمیان پلەی گەرما دەگاتە نزیکەی 50 پلە و رێژەی شێ لە هەوا هێندە زۆر دەبێت بەهۆیەوە هەست بە گەرمایەکی تەواو تاقەتپڕوکین دەکرێت."
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، پلەی گەرمای سبەی سێشەممە بەمشێوەیە دەبێت:
- هەولێر؛ 43 پلەی سیلیزی
- سلێمانی؛ 42 پلەی سیلیزی
- دهۆک؛ 42 پلەی سیلیزی
- کەرکووک؛ 45 پلەى سیلیزى
- هەڵەبجە؛ 44 پلەى سیلیزى
- حاجی ئۆمەران؛ 34 پلەى سیلیزى
- زاخۆ؛ 43 پلەى سیلیزى
- سۆران؛ 41 پلەى سیلیزى
- گەرمیان؛ 45 پلەى سیلیزى
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ