کۆمیسیۆنی عێراق: ئەمڕۆ دوا وادەیە بۆ دیاریکردنی رۆژێک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

31-07-2023
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی کۆمیسیۆنی عێراق دەڵێت، ئەمڕۆ دوا وادەیە بۆ دیاریکردنی رۆژێک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پێشبینیش دەکەن ئەمڕۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رۆژێک بۆ هەڵبژاردن دیاری بکات. 
 
رۆژی دووشەممە، 31-07-2023، عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەگوێرەی ئەو پلانەی کۆمیسیۆنی عێراق دیاریکردووە، ئەمڕۆ دوایین وادەیە بۆ ئەوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رۆژێک بۆ هەڵبژاردن دیاری بکات و ئێمەش لە کۆمیسیۆن سبەی دەست بە ئامادەکارییەکان و جێبەجێکردنی پلانەکان بکەین."
 
کۆمیسیۆنی عێراق، پێشنیازی بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کردووە رۆژی 18ـی شوباتی 2024 یان دوای ئەو وادەیە هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت. عیماد جەمیل دەڵێت، "ئەگەر ئەمڕۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رۆژێک بۆ هەڵبژاردن دیاری نەکات، ناتوانین لەو رۆژەی پێشنیازمان کردووە هەڵبژاردن بەڕێوەببەین و ئەو پلانەی دانرابوو کە سبەی دەست بە ئامادەکاری بکەین دوادەکەوێت."
 
رۆژی یەکشەممە، 30ـی تەممووز لە سلێمانی مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کۆبوونەوە و یەکێک لە پرسەکان هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بوو. عیماد جەمیل دەڵێت، "بەگوێرەی ئەو کۆبوونەوانەی بەڕێوەدەچێت، پێدەچێت رێککەوتنێکی سیاسی هەبێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکرێت، بۆیە پێشبینی دەکەین ئەمڕۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان وەڵامی کۆمیسیۆنی عێراق بداتەوە و رۆژێک بۆ هەڵبژاردن دیاری بکەن."
 
رۆژی 10ـی تەممووز، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد و تێیدا داوای کرد، ئەگەر ناتوانن 18-11-2023 هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بەڕێوەببەن، ئەوە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023 و لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانیش بەڕێوەببەن.
 
دواتر کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق وەڵامی نووسراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی دایەوە و رایگەیاند، ئامادەن سەرپەرشتیی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بکەن، بەڵام پێشنیازی کرد 18ـی شوباتی 2024 یاخود دوای ئەو وادەیە، رۆژێک بۆ هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دیاری بکرێت. 
 
بۆ ئەوەی 1ـی ئاب دەست بە ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بکرێت، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێویستی بە مەرسوومێكی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.