رووداو دیجیتاڵ
لە شەقامی 60 مەتریی سلێمانی بارهەڵگرێک دوای ئەوەی ئیستۆپی نامێنێت، کۆنترۆڵ لەدەست دەدات و دواتر خۆی دەکێشێت بە هەشت ئۆتۆمبێلی دیکەدا، بەهۆیەوە پێنج کەس بریندار بوون.
رۆژی دووشەممە، 31-07-2023، سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی (122) بە پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداوی گوت، "پێنج کەس بەهۆی رووداوەکەوە برینداربوون کە هەموویان لە رەگەزی نێرن و یەکێکیان بارودۆخی تەندروستی ناجێگیرە، هەموویانیش تەمەنیان لە نێوان 30 بۆ 45 ساڵ دەبێت."
هەر لە شوێنی رووداوەکەی هاتووچۆ؛ بەهمەن ئەحمەد، بەڕێوەبەری هاتووچۆی ناوشاری سلێمانی - رۆژئاوا بە رووداوی گوت، "رووداوەکە لە نێوان هەشت ئۆتۆمبێل بووە، بارهەڵگرێک کۆنترۆڵی لەدەستداوە و لەمپەرێکی دەستکردیش هەبووە و هەموو ئەوانە بووەنەتە هۆکاری ئەوەی ژمارەیەک ئۆتۆمبێل ببێتە بەربەست لە نێوان ئەو بارهەڵگرە و ئۆتۆمبێلەکانی دیکە دواجار ئەو رووداوەی لێ کەوتووەتەوە."
سایدێکی 60 مەتریی سلێمانیی داخستووە؛ چەند دیمەنێکی ئەو گەڵابەیەی لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە شەقامی 60 مەتریی سلێمانی ئیستۆپی نەما و لە هەشت ئۆتۆمبێلی دیکەی دا
— Rudaw (@Rudawkurdish) July 31, 2023
وێنەکان: پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو pic.twitter.com/IimlJoOTjE
لەبارەی زیانە مادییەکان گوتی، هەر هەشت ئۆتۆمبێلەکە "زەبریان بەرکەوتووە"، سەرجەم شوفێر و سەرنشینانی ئەو ئۆتۆمبێلانەش چارەسەری سەرەتاییان بۆ کراوە، ئەوەی پێویستی بە چارەسەری زیاتر هەبووە، رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان وەکو لە دیمەنەکانیش دەبێنرێت، لە جۆری تەکسییە و بەتەواوی تێكشکاوە. ئۆتۆمبێلەکانی دیکەیش زیانی زۆریان بەرکەوتووە.
ئەو بارهەڵگرەی کە بووە هۆی رووداوەکە، بە قسەی شاهێدحاڵان، ئیستۆپی نەماوە و کۆنترۆڵی لەدەستداوە، هاوکات خۆڵی بارکردووە و لەسەر لا کەوتبووە سەر شەقامەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ