رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکى لیژنەى ئەمنى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا رایگەیاند، یەکشەممە ئەنجوومەنەکە بۆ هەڵبژاردنى قایمقامى شنگال کۆدەبێتەوە.
محەممەد کاکەیی، سەرۆکى لیژنەى ئەمنیى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "رۆژی یەکشەممە (2ـی حوزەیران) ئەنجوومەنى پارێزگا کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەى قایمقامى شنگال لەنێو ئەو بەربژێرانەدا هەڵبژێرێت کە ناوى خۆیان تۆمار کردووە."
دوای کردنەوەی دەرگەی خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی قایمقامی شنگال، 10 کەس سیڤی خۆیان بۆ لیژنەیەکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا نارد.
محەممەد کاکەیی گوتى: "تاوەکوئێستا ناوى بەربژێرانمان بەدەست نەگەیشتووە، بە گوێرەى پەیڕەوى ناوخۆى ئەنجوومەنى پارێزگا، دەبێت 24 کاژێر پێش کۆبوونەوە، ناوى بەربژێرەکانمان بەدەست بگات".
لە 28ـی ئادارەوە بۆ 14 ئایار دەرگەى خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستى قایمقامى شنگال کرایەوە. دیاریکردنى قایمقامێکى نوێ بۆ ئەو قەزایە خاڵێکى رێککەوتنى شنگالە کە ساڵى 2020 لە نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتی فیدراڵى واژۆ کرا.
هەشت مەرج دانراون بۆ بەربژێرى ئەو پۆستە، دیارترینیان ئەوەیە ئەندامى هێزە چەکدارەکان یان هێزە ئەمنییەکان نەبێت، بە تاوانی نامووس تاوانبار نەبێت، رێوشوێنەکانى ریشەکێشکردنى بەعس نەیگرێتەوە و خەڵکى قەزاى شنگال بێت.
پێشووتر لە 20ـی ئایار مەحموود خەلەف، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا و ئەندامى لیژنەى وەرگرتنى سیڤییەکان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاندبوو، عەرەب و کوردی ئێزدى لە نێو بەربژێراندان و سێ بەربژێر دیاری دەکرێت بۆ ئەوەى لە ئەنجوومەنى پارێزگا دەنگیان لەسەر بدرێت و یەکێکیان ببێتە قایمقام.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ