رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەرێکی پارێزگاری نەینەوا دەڵێت، زیاتر لە 12 هەزار کەس لە شنگال داوا قەرەبووکردنەوەیان پێشکێش کردووە. لەو ژمارەیە 5 هەزاریان قەرەبووکراونەتەوە یان بڕیاری قەرەبووکردنەوەیان بۆ دەرچووە.
رەفعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا، ئەمڕۆ شەممە (21-12-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوو لیژنە لە پارێزگای نەینەوا هەن بۆ وەرگرتنی داواکاری و راییکردنی مامەڵەی قەرەبووکردنەوەی موڵک و ماڵی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی هێرشەکانی داعش و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی نەینەواوە زیانیان بەرکەوتووە.
یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا گوتی، دوو دادوەر سەرۆکایەتیی ئەو دوو لیژنانە دەکەن. یەکێکان لە تەلەعفەر و ئەوی دیکەیان لە موسڵە و سەیری داواکارییەکان دەکەن و مامەڵەکان رایی دەکەن.
رەفعەت سمۆ راشیگەیاند: "هەر کەسێک زیانی بەرکەوتبێت، لیژنەیەک هەڵسەنگاندن بۆ زیانەکان دەکات، بڕە پارەیەکی بۆ دەخەمڵێنێت. حکومەت نیوەی زیانەکەی بۆ قەرەبوو دەکاتەوە و نیوەکەی دیکە دەکەوێتە ئەستۆی خۆی.
شنگال یەکێک لەو ناوچانەیە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە. یاریدەدری پارێزگای نەینەوا دەڵێت، زیاتر لە 12 هەزار داواکاری قەرەبووکردنەوە لە شنگال پێشکێشکراون، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا نزیکەی 5 هەزاریان قەرەبوو کراونەتەوە یان بڕیاری قەرەبووکردنەوەیان بۆ دەرچووە.
حوزەیرانی 2014 شاری موسڵ و دواتر تەواوی پارێزگاکە کەوتە ژێر دەستی چەکدارانی داعش.
دواتر ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوە دەستپێکرد و لە 10 تەممووزی 2017دا کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ لەلایەن حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئەوکات راگەیێندرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ