رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا دەرگاى خۆبەربژێرکردن بۆ شەش پۆستى کارگێڕیى پارێزگاکە دەکاتەوە، کە دوو قایمقام و چوار بەڕێوەبەرى ناحیەن. دوو لەو پۆستانە تایبەتن بە دوو ناوچەی کوردستانیی پارێزگاکە.
محەممەد کاکەیی، سەرۆکى لیژنەى ئاسایشى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لیژنەیەک پێکهێندراوە بۆ وەرگرتنى بەربژێرانى ئەو پۆستانە، لە 30ى ئایارەوە دەرگاى خۆبەربژێرکردن کراوەتەوە و 6ى حوزەیران دوا وادەیە.
خۆبەربژێرکردنەکە قایمقامى تەلەعفەر و تلکێف، بەڕێوەبەرى ناحیەکانى رەبیعە، مەحلەبیە، باشیک و شۆرە دەگرێتەوە. محەممەد کاکەیی گوتى، "ئەو پۆستانە چۆڵن و بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێن."
لیژنەکە بە سەرۆکایەتیى محەممەد عەبدوڵڵا، جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگایە، شەش ئەندامى دیکەى هەیە، سیانیان ئەندامى ئەنجوومەنن.
سەرۆکى لیژنەى ئەمنیى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا رایگەیاند، "قەزاى تلکێف و ناحیەى باشیک لە سنوورى مادەى 140ى دەستوورن."
باشیک زۆرینەى دانیشتووانەکەى کوردى ئێزدى و شەبەکن، تلکێف زۆرینەى دانیشتووانى کریستیانن و کوردانى شەبەک و ئێزدى و عەرەبیشی تێدا دەژى.
مەرجەکانى خۆبەربژێرکردن بۆ ئەو پۆستانە ئەوەیە کە عێراقى بێت، تەمەنى 30 ساڵ و زیاتر بێت، بڕوانامەى زانکۆی هەبێت، لە کاتى خۆبەربژێرکردن ئەندامى هێزە چەکدارەکان یان هێزە ئەمنییەکان نەبێت، بە تاوانی ناموس تاوانبار نەبێت، رێوشوێنەکانى ریشەکێشکردنى بەعس نەیگرێتەوە و خزمەتى فەرمیی کەمتر لە 10 ساڵ نەبێت.
محەممەد کاکەیی گوتى، "بۆ هەر پۆستێکیان سێ بۆ پێنج بەربژێر دەبرێنە ئەنجوومەنى پارێزگا بۆئەوەى یەکێکیان هەڵبژێردرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ