رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، لەسەر سکاڵای هاووڵاتییان، ژنێکیان دەستگیرکردووە کە بە پارە نوشتە و جادووی بۆ خەڵک کردووە.
رۆژی چوارشەممە 31-5-2023، سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی گوت: "ئەو ژنە تەمەنی 79 ساڵە و لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی ئەزمەڕ دەستگیرکراوە."
بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، چەندین هاووڵاتی سکاڵایان لەسەر ئەو ژنە تۆمارکردبوو بە تۆمەتی ئەوەی فریویداون، بۆیە دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە دەستگیرکرا.
تۆمهتبار ناوی (ف، ج، ع)ـەو بە بڕیاری دادوەر راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە.
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت: "لەکاتی دەستگیرکردنی و دوای پشکنینی ماڵەکەی، نزیکەی 35 نوشتە و دووعا دەستی بەسەرداگیرا. هەبوو داوای دووعای کردووە بۆ ئەوەی لای مێردەکەی شیرین بێت، هەبوو خەسووی رقی لێبووە داوای دووعای کردووە بۆ ئەوەی لەگەڵی باش ببێت و خۆشی بوێت، دووعا و نووشتەی جۆراوجۆری تێدابووە."
ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی پێنجشەممە 25-05-2023 لە پارێزگای دهۆک ژنێکی تەمەن 56 ساڵ دەستگیرکرا کە بە زیاتر لە 300 دۆلار نوشتەی کردووە. ئەو کات هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک بە رووداوی گوت: "ئەو ئافرەتە خەڵکی دهۆک نییە بە گوتەی خۆی لە رێگەی ئەنتەرنێتەوە فێری ئەو کارە بووە و لە لێکۆڵینەوەشدا دانی بە تاوانەکەدا ناوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ