رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکەن، 1 و 2ـی حوزەیران کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەستپێدەکات. پارێزگاری هەولێریش دەڵێت: "یەکێک لەو پرسانەی باسی دەکەین، کردنەوەی دەروازەی سنووریی سیدەکانە."
رۆژی چوارشەممە 31-05-2023، شاندێکی هەرێمی کوردستان کە لە پارێزگارەکانی هەر چوار پارێزگای هەرێمی کوردستان، سەرۆکی ژووری بازرگانیی پارێزگاکان و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکان پێکدێت، سەردانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا گفتوگۆکانمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوامە بۆ ئەوەی لە سنووری پارێزگای هەولێر دەروازەی سنووریی سیدەکانیش بکرێتەوە، بۆ ئەوە وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئامادەکارییەک کراوە."
دەروازەی نافەرمیی سیدەکان دەکەوێتە ناحیەی سیدەکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
پارێزگاری هەولێر گوتیشی: "ژمارەیەک کۆبوونەوەی گرنگمان دەبێت لەگەڵ هەریەک لە پارێزگارەکانی کرماشان، سنە، ورمێ، جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەو تیمانەی ئەوان بڕیاریان داوە ئامادەبن."
بەگوتەی ئومێد خۆشناو، "حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەو هەنگاوانەی لەپێناوی دروستکردن یاخود باشترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی داوسێ و سوودی هەردوولا بە تایبەتی جووڵەی بازرگانی دەگرێتەبەر."
رۆژی دووشەممە 29-05-2023، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لەبارەی ئامانجی سەردانەکەیان بە رووداوی گوت: "بابەتە سەرەکییەکان؛ پەیوەندی کولتووری، گەشتیاری، ئاڵوگۆڕی بازرگانی، ئابووری، ناوچەی بازرگانی و پیشەسازیی ئازاد، ئاو و مەڕوماڵاتە کە بەهۆی هاوسنوورییمانەوە تێکەڵاوبوونی زۆر دروست دەبێت."
سێ دەروازەی فەرمی و نێودەوڵەتیی لەنێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا هەن، ئەوانیش پەروێزخان لە سنووری گەرمیان، حاجی ئۆمەران لە سنووری پارێزگای هەولێر و باشماخ لە سنووری پارێزگای سلێمانی. جگە لەوانە چەند دەروازیەکی نیمچە فەرمیش هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ