رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک رایگەیاند، کاژێر 8:00ـی بەیانی ئەمڕۆ ژووری کارگێڕی قوتابخانەیەکی کوردی کە دوو دەوامی تێدا دەکرێت، سووتا.
رۆژی چوارشەممە 31-01-2024، عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە رووداوی رایگەیاند، "لە ژووری کارگێری قوتابخانەکە هیتەر و زۆپا هەبوون و پێدەچێت بەهۆی ئەوە ئاگر کەوتبێتەوە، بەڵام هێشتا راپۆرتی کۆتایی بەرگریی شارستانیش تەواونەبووە تاوەکو بزانین ئاگرەکە بە مەبەست بووە، یاخود بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە."
بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک، ئەو قوتابخانەیە دوو دەوامی تێدا دەکرێت و سەر بە خوێندنی کوردی کەرکووکە. دەشڵێت، "هەرشتێک لە ژووری کارگێڕی هەبووە وەکو پرسیاری تاقیکردنەوەکان یاخود هەر بەڵگەنامەیەکی دیکە سووتاون."
عامر شوانی دەڵێت، بەرگریی شارستانی توانیویەتی زوو بگاتە قوتابخانەکە و کۆنترۆڵی ئاگرەکە بکەن پێش پەرەسەندنی زیاتری.
بەپێی ئەو داتایانەی خوێندنی کوردی 23-09-2023 بە رووداوی داون، 96 هەزار قوتابی لە کەرکووک لەژێر سەرپەشتی و پەروەردەی زیاتر لە 10 هەزار مامۆستا لە 550 قوتابخانە و باخچەی ساوایاندا وانە بە زمانی کوردی دەخوێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ