گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر: کامێرای 'خاڵ بۆ خاڵ' لە ترافیکلایتەکانیش دادەنرێت

31-01-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ لە داهاتوودا لە ترافیکلایتەکان دادەنرێت بۆ تۆمارکردنی چوار سەرپێچیی دیکە لەنێو ترافیکلایتەکان. دەشڵێت: "ئێستا کامێرای خاڵ بۆ خاڵ تەنیا سەرپێچیی تیژڕۆیی تۆماردەکات، راستە دەتوانێت سەرپێچییەکانی بەکارهێنانی مۆبایل و نەبەستنی پشتێنی سەلامەتی تۆماربکات، بەڵام جارێ تەنیا تیژڕۆیی تۆماردەکرێت."
 
رۆژی سێشەممە، 31-1-2023، فازڵ حاجی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر لەبارەی کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی ناسراو بە "خاڵ بۆ خاڵ" بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە داهاتوودا ئەو کامێرایانە لە ترافیکلایتەکان دادەنرێن بەمەبەستی تۆمارکردنی چوار سەرپێچی، ئەوانیش؛ لێدان لە چرای سوور، راوەستانی ئۆتۆمبێل لەسەر هێڵی پەڕینەوەی پیادە لەکاتی چاوەڕوانی، سەرپێچیی چوونە دەستەڕاست لەنێو ترافیک کە دەبنە هۆی گرتنی رێگە و پێشگرتنی ئۆتۆمبێلەکان بۆ ئەوەی خێرا دەربچن کە کێشە بۆ سووڕانەوە لەنێو ترافیکەکان دروستدەکات، لەگەڵ تۆمارکردنی زیادکردنی خێرایی بۆ دەرچوون لە ترافیکلایت کە لە کاتەکانی کەمی دوایی یان گۆڕینی رەنگی چراکان پەیڕەو دەکرێت."
 
فازڵ حاجی باسی لەوەش کرد، ئێستا کامێراکە لەسەر ترافیکلایتی چوارڕێیانی مەخموور جێگیرکراوە، بەڵام هێشتا کار ناکات و گوتی: "کەی کەوتە کار ئەو کات شۆفێران ئاگاداردەکرێنەوە، بەڵام لە داهاتوودا لە شوێنەکانی دیکەش دادەنرێن."
 
لەبارەی تۆمارکردنی سەرپێچییەکانی وەکو نەبەستنی پشتێنی سەلامەتی و بەکارهێنانی مۆبایل لەلایەن کامێراکانەوە؛ فازڵ حاجی گوتی: "ئێستا ئەو کامێرایانەی دانراون، تەنیا تیژڕۆیی تۆماردەکەن، کامێراکان خەسڵەتەکانی تۆمارکردنی سەرپێچییەکانی وەکو بەکارهێنانی مۆبایل لەلایەن شۆفێران و نەبەستنی قایشی سەلامەتی تێدایە و دەتوانن ئەو کارە بکەن، چونکە وێنە دەگرێت، بەڵام ئێستا تەنیا تیژڕۆیی تۆمار دەکرێت، دیار نییە لە داهاتوودا ئەو سەرپێچییانەش تۆماردەکرێن یان نا."
 
بۆ کۆنترۆڵکردنی خێرایی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای ئێرلی فیوچه‌ر کردووە بۆ دانانی نزیکەی 500 کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی کە بەشێوەی پۆینت تو پۆینت کار دەکەن. سەرەتای پرۆسەی دانانی کامێراکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بوو کە ئەوەش ناڕەزایەتیی بەشێک لە هاونیشتمانییان و چەند پەرلەمانتارێکی لێکەوتووەتەوە. 
 
تاوەکو ئێستا چەند جارێک هێرشکراوەتەسەر ئەو کامێرایانەی کە لە سنووری پارێزگای سلێمانی دانراون و بەشێکیان شکێندراون.
 
عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری کوردستان پێشتر چەند جارێک لەبارەی دانانی کامێراکانی تیژڕۆیی بەشێوەی پۆینت تو پۆینت قسەی کردووە و ئاماژەی بەوە کردووە، نابێت ئەو دەسەڵاتە بدرێتە کۆمپانیای کەرتی تایبەت. لە رۆژانی رابردووشدا ئاماژەی بەوەکرد، لە دادگەی بەرایی سلێمانی بە 90 ملیۆن دینار لەسەر ئەو دۆسیەیە سزادراوە.
 
18ـی ئەم مانگە، هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، لە هەفتەی داهاتووەوە کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی خاڵ بۆ خاڵ کە تێکڕای خێرایی لەنێوان دوو کامێرا تۆمار دەکات، لە شەقامی 120 مەتریی هەولێر لەنێوان شەقامی کەرکووک بۆ شەقامی بنەسڵاوە لە هەردوو سایدەکە دەکەوێتە کار.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو راپۆرتی لەسەر خێزانەکە کردووە.

بەرپرسیار؛ چوار کەس لە خێزانێکی پێنج کەسی شێرپەنجەیان گرتووە و پێویستییان بە هاوکارییە

چوار ئەندامی خێزانێکی پێنج کەسی لە دهۆک نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە و لە دۆخێکی سەختدان. بەپێی راپۆرتی پزیشکی، چارەسەریان لە سەنتەرێکی تایبەتمەند لە دەرەوەی وڵات دەکرێ، ئەوەش لە توانای ئەو خێزانە کەمدەرامەتە دا نییە.