وەزارەتی پێشمەرگە: شەممە پێشمەرگەکانی لیوای 20ـی پیادە لە بنکەکانی مەشق ئامادە بن

30-11-2023
نازەنین گۆران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی پێشمەرگە لە بانگەوازێکدا داوا لە پێشمەرگەکانی لیوای 20ـی پیادە دەکات، شەممەی داهاتوو ئامادەیی خۆیان دووپاتبکەنەوە و پەیوەندی بە بنکەکانی مەشقەوە بکەن، بە پێچەوانەوە خۆیان بەرپرسیار دەبن. 
 
رۆژی پێنجشەممە 30-11-2023، وەزارەتی پێشمەرگە بۆ لیوای 20ـی پیادە رایگەیاند، ئاگاداری سەرجەم ئەو ئەفسەر و پێشمەرگانە دەکەینەوە کە ناویان لە لیوای 20ـی پیادەی هاوبەش هاتووەتەوە، رۆژی شەممە 2ـی کانوونی یەکەم ئامادەبوونی خۆیان دووپات بکەنەوە، پێویستە تەواوی ئەو کەسانە کە ناویان هاتووە تاوەکو شەممە پەیوەندی بەو جێگایانە بکەن، کە پێیان راگەیێندراوە.
 
بە گوتەی وەزارەتی پێشمەرگە، هەرکەسێک لەو کاتەی بۆی دیاریکراوە پەیوەندی نەکات خۆی بەرپرسیار دەبێت و دەشڵێت، دەتوانن سەردانی ئەم لینکە بکەن بۆ دۆزینەوەی ناو و ئەو بنكانەی مەشق كە بۆتان دیاری كراوە.
 
ئاگادارییەکەی وەزارەتی پێشمەرگە لەکاتێکدایە، دووشەممە، 27-11-2023، وەزارەتی بەرگریی عێراقیش لە راگەیێندراوێکدا داوای لە سەرباز و پێشمەرگەکانی لیوای 20ـی هاوبەشی عێراق کرد، لە رۆژی شەممەوە، 2-12-2023، پەیوەندی بە سەنتەرەکانی راهێنان لە پارێزگاکانی، کەرکووک، دیالە، نەینەوا بکەن بۆ ئەوەی دەستبەکار ببن و دواتر دەست بە مەشق و راهێنان و پڕچەککردن و بڵاوکردنەوەیان بکرێت.
 
هەر ئەوکات لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، رۆژی 2-12-2023 هێزەکانی لیوای 20 دەستبەکاردەبن و شوێنی مەشقەکانیان لە دیالە، موسڵ و کەرکووک دەبن.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە پارێزگای کەرکووک ئەو سەرباز و پێشمەرگانە لە بنکەی سەربازیی کەیوان و لە پارێزگای دیالە لە بنکەی سەربازیی کەرکوش، لە پارێزگای نەینەواش لە بنکەی سەربازیی قەرەقوش مەشق و راهێنانیان پێدەکرێت.
 
مانگی ئابی ساڵی 2021، وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق گەیشتنە رێککەوتن لەبارەی پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ئەوەی لەو ناوچانە بڵاوبکرێنەوە کە بۆشایی ئەمنین لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان و چەکدارانی داعش سوودیان لێوەردەگرن بۆ هێرشکردن.
 
لیوای 20ی هاوبەش زیاتر لە 3,700 پێشمەرگە دەبێت و مووچە و پڕچەککردنیان لەسەر وەزارەتی بەرگریی عێراقە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.