رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەشێک لەو نۆ هەزار یەکانەی بەسەر کرێنشینان و کەمدەرامەتان دابەشدەکرێن کارەکانیان تەواو نەبووە و بۆ تەواوکردنیان نزیکەی 267 ملیار دیناریان پێویستە.
رۆژی پێنجشەممە 30-11-2023 توانا بەشیر، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، " تاوەکو ئێستا نزیکەی 60 هەزار کەس فۆرمی یەکەی نیشتەجێبوونیان پڕکردووەتەوە، بەڵام بە تەواوەتی هەموو خاڵەکانیان پەیڕەو نەکردووە، بۆیە تەنیا نزیکەی 22 هەزار کەس کۆدیان بۆ گەڕاوەتەوە".
ژمارەی شوقەکان 9004 شوقەیە؛ بەشێکیان 95%ی کارەکانیان تەواو بووە و هەشیانە 80% و بەرەو خوارتر تەواو بووە تاوەکو دەگاتە 13%.
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، نزیکەی 267 ملیار دیناریان پێویستە بۆ تەواوکردنی کاری یەکەکان و دەشڵێت، "لە وەزارەت سندوقی نیشتەجێکردنمان هەیە، بەڵام پێویستە پارەی تێدا بێت کە پێشتر ئەو پارانە دراون بە پڕۆژەی دیکە و چووەتە نێو هەژمارێکی داخراو و وەزارەتی دارایی هەڵیگرتووە، دەبێت ئەو هەژمارە داخراوە چەندی پارەی تێدایە بگەڕێتەوە سندوقەکە، هاوکات پێویستە بودجەی وەبەرهێنان لە یاسای بودجەی عێراق خەرج بکرێت بۆ ئەوەی یەکەکان تەواو بکرێن".
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەڵێت، "خەرجنەکردنی بودجەی وەبەرهێنان لە یاسای بودجەی عێراق کارەکانی رانەگرتووە و لە هەندێک لەو یەکانە کار دەکرێت و هەیە خزمەتگوزارییەکانی تەواو بووە، زۆربەی یەکەکان تەواو بوون، بەڵام دەبێت ئاوەڕۆیان بۆ بکرێت و کارەبایان بۆ رابکێشرێت".
لەبارەی شوێنی یەکەکان گوتی، "شوێنی یەکەکان باشن بەتایبەتی ئەوانەی نێو شارەکان و بەشێکیانیش دەکەونە قەزا و ناحیەکان کە لەوانەیە زۆر خواستی لەسەر نەبێت".
لەبارەی دابەشبوونی یەکەکان لە پارێزگا و ئیدارەکان، توانا بەشیر دەڵێت، "ئەو یەکانە 1356یان لە هەولێرن؛ لە سلێمانی 3876؛ لە دهۆک 2116؛ هەڵەبجە 192؛ ئیدارەکانی گەرمیان 360؛ راپەرین 420؛ زاخۆ 324 و سۆران 360 یەکە.
بڕیاربوو ئەمڕۆ پێنجشەممە 30-11-2023، دوایین کات بێت بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی یەکەی نیشتەجێبوون، بەڵام بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەڵێت، ئەگەر هیچ شتێک نەیەتە پێشەوە ئەوە 31ـی کانوونی یەکەم دوایین مۆڵەت دەبێت بۆ پڕکردنەوەی فۆرم و دوای ئەوەش راستەوخۆ پڕۆسەی جیاکردنەوەی ناوەکان دەستپێدەکات و رەنگە ئەوەش سێ مانگ بخایەنێت.
رۆژی 08-08-2023، لە دوای تەواوکردنی رێکار و ئامادەکارییەکان، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە رێوەرەسمێکدا دابەشکردنی فۆرمی یەکەی نیشتەجێبوونی بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان راگەیاند. وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەڵێت، لەوکاتەوە تائێستا زیاتر لە 22 هەزار خێزان لە سەرجەم ناوچەکان فۆرمەکەیان پڕکردوەتەوە.
نرخی شوقەکان جیان و بەگوێرەی پڕۆژەکانە. بەگوتەی توانا بەشیر، هیچیان پێشەکییان نییە و ئەو پارەیەی بۆ نرخی شوقەکە دادەنرێت دابەشی سەر 300 مانگ دەکرێت. بۆ نموونە، ئەگەر شوقەیەک نرخەکەی 30 هەزار دۆلار بێت، ئەو کەسەی وەریدەگرێت مانگانە 100 دۆلار قیستی لێ وەردەگیرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ