رووداو دیجیتاڵ
پارێزەرێکی گیراوانی بادینان رایگەیاند، دوای تەمیزکردنەوە، سزای زیندانیکردنی شێروان شێروانی لە چوار ساڵەوە بۆ دوو ساڵ کەمکرایەوە.
بڕیاربوو مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵ شێروان شێروانی ئازاد بکرێت، بەڵام رۆژی پێنجشەممە، 20-07-2023 دادگەی هەولێر بە هەردوو مادەی 298 و 295 بە چوار ساڵ زیندانیکردن سزای دایەوە.
رۆژی دووشەممە، 30-10-2023، بەشدار حەسەن، پارێزەری گیراوانی بادینان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوای سزادانی شێروان شێروانی بە چوار ساڵ زیندانیکردن، داوای تەمیز کردنەوەمان کرد و ئەمڕۆ سزاکەی لە چوار ساڵەوە بۆ دوو ساڵ کەمکرایەوە."
بە گوتەی بەشدار حەسەن، شێروان شێروانی بە تۆمەتی تەزویر کردن بەپێی مادەکانی 298 و 295 دوو ساڵی دیکە سزادراوە.
مادەی 295 لە یاسای سزادانی عێراقی دەڵێت، "سزا دەدرێت بە بەندکردن بۆ ماوەیەک کە لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت، هەر کەسێک ساختەکاری بکات لە نووسراوێکی ئاسایی تایبەت بە بوون یاخود سەلماندنی قەرزێک، هەڵسوکەوت بە سامانێک یان پاکانە، ئەستۆپاکی یان نووسراوێکی ئاسایی کە دەکرێت بەکاربهێندرێت بۆ سەلماندنی مافی خاوەندارێتی."
مادەی 298ـیش دەڵێت، "سزا دەدرێت بە سزای بڕیار لێدراو بۆ تاوانی ساختەکردن بەپێی حاڵەتەکان هەر کەسێک نووسراوی ساختە بەکاربهێنێت لەگەڵ ئاگاداربوون بە ساختەبوونی."
رەمەزان ئەرتیسی، کە پارێزەرێکی خۆبەخشی گیراوانی بادینانە، رۆژی 20ـی 7ـی 2023 دوای ئەوەی شێروان شێروانی بە چوار ساڵ زیندانیکردن سزادرا بە رووداوی گوت، "ساڵی 2022 داوای ئازادکردنی مەرجدارمان بۆ ئەیاد کەرەم، شڤان سەعید، گۆهدار زێباری و هاریوان عیسا کرد، بەڵام نەکرا و دواتر گوتمان مادام ناکرێت با بڕیارەکە هەڵبوەشێنینەوە، بۆ واژۆی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە هەموو گیراوان بەدەستی خۆیان واژۆیان کرد، تەنیا گۆهدار زێباری نەبێت کە ئەو کات لە زیندانی تاکە کەسی بوو، داوای کردبوو شێروان شێروانی لەبری ئەو واژۆ بکات و ئەویش واژۆی بۆ کردبوو، دادگە لەسەر ئەو بابەتە بە چوار ساڵی دیکە سزای شێروانی داوە."
بە گوتەی ئەو پارێزەرە، "هەر چوار گیراوەکە هێندراونەتە پێش دادوەر و هەموویان گوتیان خۆیان دەسەڵاتیان بە شێروان شێروانی داوە واژۆ بکات و هیچ کێشەیەک لەسەر ئەو واژۆیە بۆ ئێمە دروست نەبووە و سکاڵایەکیان لەسەر ئەو نییە، بەڵام دادوەر هیچی نەگوت و سزای دا."
دادگەی تاوانی هەولێر، رۆژی 16-02-2021 بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" هەریەک لە شێروان شێروانی، ئەیاز کەرەم، گوهدار محەممەدئەمین، هاریوان عیسا و شڤان سەعیدی بە یەکی شەش ساڵ زیندانیکردن سزادا. مانگی شوباتی 2022 بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 60%ـی سزاکەیان، جگە لە شێروان شێروانی کە 50% بوو، کەمکرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ