کوردستان
ئەو ئاوارانە خەڵکى شارى موسڵ، بەعاج و حەمدانیە لە پارێزگاى نەینەوا و قەزاى بەلەدى پارێزگاى سەلاحەدین بوون.
رووداو دیجیتاڵ
379 ئاوارەى کەمپێکى هەولێر گەڕانەوە زێدى خۆیان لە پارێزگاکانی نەینەوا و سەلاحەدین.
عەلى جەهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو ئاوارانە کە 67 خێزان بوون، لە کەمپى بەحرکە لە هەولێر نیشتەجێبوون و رۆژی پێنجشەممە، 29ى ئاب گەڕاونەتەوە."
ئەو ئاوارانە خەڵکى شارى موسڵ، بەعاج و حەمدانیە لە پارێزگاى نەینەوا و قەزاى بەلەدى پارێزگاى سەلاحەدین بوون.
عەلى جەهانگیر رایگەیاند، گەڕانەوەى ئاوارەکان لە کەمپەکانى هەرێمى کوردستان بەراورد بە پێشوو زیاتر بوون، بەهۆى هاوئاهەنگى لەگەڵ هەرێمى کوردستان و هاندانى ئاوارەکان بۆ گەڕانەوە لە رێگەى وەرگرتنى پارە و هاوکاریى دیکە.
ئیڤان فایەق، وەزیرى کۆچ و کۆچبەران سەرۆکایەتیی لیژنەیەکى هاوبەش دەکات کە بە بەشدارى نوێنەرانى هەرێمى کوردستان و چەند وەزارەت و دامەزراوەیەکى حکومەتى فیدراڵى پێکهێندراوە بۆ چارەسەرى پرسی کەمپى ئاوارەکان لە هەرێمى کوردستان.
گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق گوتى: "تاوەکو ئێستا نزیکەى 20 هەزار خێزانى ئاوارە لە کەمپەکانى هەرێمى کوردستان ماون".
وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران لەکاتى گەڕانەوەى هەر خێزانێکى ئاوارە بۆ زێدى خۆى چوار ملیۆن دینار، تەباخ، بەفرگر و تەلەڤیزیۆنێک دەدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ