رووداو دیجیتاڵ
هەر سێ پەرلەمانتارەکەی نەوەی نوێ لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە نووسراوێکدا بۆ سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان بڕی 52 ملیۆن دیناری ئیکرامییەی پەرلەمان رەتدەکەنەوە و سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستانیش داواکەیان پەسند دەکات.
رۆژی یەکشەممە، 30-07-2023 هەر سێ پەرلەمانتاری نەوەی نوێ (کاوە عەبدولقادر، موژدە مەحموود، سیپان سالم) نووسراوێکیان ئاراستەی سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان کرد لەبارەی مووچە، ئیمتیازات و ئیکرامییەی پەرلەمانی.
لە نووسراوەکەدا پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ دەڵێن، "ئێمە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە 6ـی تشرینی دووەمی 2022ـەوە مووچە، دەرماڵە و نەسرییە و سەرجەم ئیمتیازاتەکانی پەرلەمانمان رەتکردەوە و بە نووسراوی تایبەت داوامان لە بەرێزتان کرد کە هەژماری بانکیشمان دابخەن؛ پێشتریش بە نووسراوی فەرمی خانەنشینبوونمان رەتکردووەتەوە."
پەرلەمانتارەکانی نەوەی نوێ دەڵێن، "ئێستا لە رێگەی ئەم نووسراوەوە بە بەرێزتان رادەگەیێنین کە بڕی 52 ملیۆن دیناری ئیکرامییەی پەرلەمانتاریش رەتدەکەینەوە و هیچ بڕە پارەیەک وەرناگرین."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە 6ـی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە هەژماری بانکییان راگیراوە و هیچ مووچە، نەسریە و دەرماڵەیەکی پەرلەمانتارییان وەرنەگرتووە.
ئەو 52 ملیۆن دینارە مووچەی شەش مانگی پەرلەمانییە کە هەموو پەرلەمانتارێک یەکجار وەک ئیکرامییە وەری دەگرێت، ئەویش ئەگەر لە پۆستی دیکە، ئینجا وەک فەرمانبەر یان پەرلەمانتاری پێشوو، وەری نەگرتێبت.
6ـی تشرینی دووەمی 2022 تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان درێژکرایەوە. جگە لە بەشێک لە پەرلەمانتارانی سەربەخۆ، پەرلەمانتارانی نەوەی نوێش بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد و دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بوون.
لە مانگی 11ـی 2022 پەرلەمانتارانی یەکگرتووش دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کرد، بەڵام درەنگ خرایە بەرنامەی کارەوە و دواجار 1ـی ئاداری 2023 پەسندکرا.
هەرچی کۆمەڵی دادگەرییە 1ی ئایار لە شاری هەولێر کۆمەڵ بڕیاری کشانەوەی نوێنەرانی لە پەرلەمان، ئەنجوومەنی پارێزگاکان و حکومەتی خۆجێیی سلێمانی دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ