لە کەلار منداڵێک بە 10 مانگ و نیوی لەدایکبوو؛ دڵی لای راستەوە بوو و دوای 28 رۆژ گیانی لەدەستدا

01-05-2024
هونەر حەمید
وێنەی منداڵەکە
وێنەی منداڵەکە
A+ A-
 
رووداو - گەرمیان

محەممەد کامەران لە 42 هەفتەیی (واتە بە 10 مانگ و نیوی) لەدایکبووە. پێش لەدایکبوونی پزیشکەکان بە دایکییان گوتووە، "تەندروستیی جێگیرە و هیچ کێشەی نییە،" بەڵام گوێچکەکانی دروست نەبوون و دڵیشی لەلای راستەوەیە، دوای 28 رۆژ مانەوە لەژێر چاودێریی پزیشکدا، شەوی رابردوو دەوروبەری کاژێر 09:00 گیانی لەدەستدا.
 
کامەران جاسم، باوکی محەممەد دەڵێت، "رۆشتم دەرمان و شت بهێنم، کە هاتمەوە بینیم پزیشکەکان لەسەری کۆبوونەتەوە و باسی ئەویان دەکرد. منیش هاتمە سەرەوە و گوتم، چییە مەسەلە؟ گوتیان: هەردوو گوێچکەی نییە و دڵیشی لای راستەوەیە. منیش رێک وەستام، شوکری خوام کرد و گوتم، کاری خوایە."
 
ئەم خێزانە دوو کچی دیکەیان هەیە، تەمەنیان 13 و 18 ساڵە، هیچ کێشەیەکی تەندروستییان نییە.
 
سەمیرە رەزا، دایکی محەممەد دەڵێت، "وەکو هەر کەسێکی ئاسایی، سەردانی پزیشکم کردووە، بەڵام هیچیان پێنەگوتووم کە منداڵەکەم کێشەی هەبێت، سۆنەریشم کردووە و هیچ دەرنەکەوتووە. خۆیشم پرسیارم لە پزیشکەکان کردووە و لێم پرسین، تەندروستیی باشە؟ گوتیان، باشە و عەیبی نییە."
 
پزیشکەکان دەڵێن، ئەگەر پێش لەدایکبوونیش دەربکەوتایە کە دڵی لای راستە، هیچ چارەسەرێکی بۆ نەدەکرا تاوەکو دوای لەدایکبوون.
 
ڤیان عومەر، پزیشکی منداڵان ئاماژە بەوە دەکات، "لەبەر ئەوەی پێشووتر دایک و باوکەکە منداڵێکی لەو شێوەیان نەبووە، ئەگەر دایک و باوک منداڵێکی دیکەیان هەبێت و کێشەی دڵی هەبێت، دەکرێت لەکاتی دووگیانییەکە ئیکۆی دڵ بۆ دڵی منداڵەکە بکرێت و دەردەکەوێت کە کێشەی دڵی هەیە، بەڵام چونکە پێشوەخت نەیان بووە، تەنها سۆنەریان بۆ کردووە و لە سۆنەریش دەرناکەوێت."
 
بوونی دڵ لەلای راست نەخۆشییەکی سکماکییە و دوو جۆری هەیە، لە یەکێکیان تەنیا دڵ دەکەوێتە لای راست، وەکو محەممەد. لە جۆری دووەمدا دڵ و هەموو کۆئەندام و پێکهاتەکانی ناو سینگ و سک، لە شوێنی خۆیان نین و چەپ و راست دەبن.
 
بەپێی راپۆرتە پزیشکییەکان، لە جیهاندا وا دەخەمڵێندرێت، لە هەر 12 هەزار منداڵێک کە لەدایک دەبێت، یەکێکیان دڵی دەکەوێتە لای راستەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.