رووداو دیجیتاڵ
لە گەرمیان لە ترسی باران و تەرزە پێشوەختە دەست بە دوورینەوەی گەنم دەکرێت. سایلۆی دەڤەرەکەش ئامادە نییە پێش کاتی دیاریکراو گەنمەکەیان لێوەربگرێت.
عوسمان قادر، جووتیارێکی دەڤەری گەرمیانە، هێشتا بەشێک لە گوڵە گەنمەکانی سەوزن، بەڵام ترسی باران و تەرزە وایلێکردووە بەپەلە دەڕاسە لە رانییەوە بگرێ تا بەری رەنجی بەفیڕۆ نەچێت.
عوسمان قادر دەڵێت: "شوێنێکم پاککردووەتەوە، نایلۆنم راخستووە گەنمەکە دەخەمە ژێر و سەرەوەی بە نایلۆن دایدەپۆشم. ئەگەر سایلۆ بکڕێتەوە، من راستەخۆ باری دەکەم و دەیبەمە سایلۆ. سایلۆ لای خۆمان درەنگ دەکرێتەوە. ئینجا پار بۆ هەر دۆنمێک 100 کیلۆ بۆ 190 کیلۆیان وەرگرت. جووتیاری خوارووی [عێراق] بۆچی هەموو گەنمەکەی وەردەگرن؟ باشە بۆ ئەم ستەمە لە ئێمە دەکرێ؟"
هەرچەند نێوەڕاستی مانگی داهاتوو دەستپێکی وەرزی دروێنەیە، بەڵام پێشبینییەکانی کەشناسی جووتیارانی گەرمیانی خستووەتەخۆ و دەیانەوێ پێش بارانە بەخوڕە پێشبینیکراوەکە گەنمەکانیان بدرونەوە.
محمد قادر، خاوەن دەراسەیە و دەڵێت: "گەنمی ئێرە باش نییە. ماوەیەکە باران نەباریوە خراپە. دروێنەکردنی بەم کاتە (بە سەوزی) خراپە، بەڵام چارە نییە."
رێبوار داودی، جووتیارە دەڵێت: "بە بۆنەی کەشوهەواوە، دەڵێت، بارانێکی زۆر بەڕێوەیە و ئێمەش دەخڵ و دانەکەمان وشک بووە بۆیە دروێنەی دەکەین. خراپ نییە لەبەرئەوەی گەنمەکەمان وشک بووە."
بەپێچەوانەی پەلە پەلی جووتیاران، سایلۆی گەرمیان هەتا پێش کاتی خۆی کە 25-5 گەنم وەرناگرێت.
کاروان رەئوف، بەڕێوبەری سایلۆی گەرمیان بە رووداوی گوت: "کەشناسان باس لەوە دەکەن باران دەبارێت، ئەم بارانە وایکردووە جووتیارەکانمان پێش وەختە گەنمەکانیان دروێنە بکەن. هەندێ جار کاتی دروێنەی گەنم نییە، بەڵام بەڕاستی ناچارن دروێنەی بکەن بۆ ئەوەی تووشی باران و تەرزە نەبێ، بۆیە راستییەکەی، ئێمە بەم خێراییە ناتوانین پلانێک دابنێین و لە ماوەی پێنج رۆژی دیکە دەستبکەین بە وەرگرتنی گەنم."
بەپێی ئاماری کشتوکاڵی گەرمیان ئەم ساڵ شەش هەزار و 215 جووتیار لەسەر رووبەری 319 هەزار و 717 دۆنم زەویی دێمی و بەراو گەنمیان چاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ