رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر یەکەم رۆژی جەژن سەردانی خانەی منداڵانی هەولێری کرد و گوتی، نزیکەی 60 منداڵ لە خانەکەدا دەژین کە ''پەروەردەیەکی باشیان وەرگرتووە و ساڵانە قۆناخی باش لە خوێندن دەبڕن.''
ئەمڕۆ یەکشەممە 30-03-2025، ئومێد خۆشناو لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی سەردانی خانەی منداڵانی هەولێری کرد و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''وەکو نەریتێکی بەردەوام و ساڵانە، ئەمڕۆش لە بەیانیی یەکەم رۆژی جەژن، لە خانەی منداڵانی هەولێر پێکەوە نانی جەژن و بەیانیمان خوارد.''
ئومێد خۆشناو وێڕای پیرۆزباییکردن لە منداڵانی خانەکە، ''هیوای ژیانێکی ئارام و ئاسوودە، تەمەنێکی درێژ و سەرکەوتووی لە ژیانیان'' بۆ خواستن.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بە ژمارەی ئەو ئاوارانە کرد کە لە هەولێر گیرساونەتەوە و گوتی، ''ئەمڕۆ ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاکەمان سەروو دوو ملیۆن کەسە و تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 360 هەزار ئاوارە و پەنابەری تێدا دەژی. سەرەڕای زۆربوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و هەموو ئەو نەهامەتییانەی لە ساڵانی رابردوودا بەسەر ناوچەکەدا هاتووە، ژمارەی ئەو منداڵە چاوگەشانەی کە لێرەن، تەنیا نزیکەی 60 منداڵە.''
ئومێد خۆشناو ئەوەشی خستەڕوو، ''ئەوە جێگەی دڵخۆشییە کە لە کۆمەڵگەی کوردستان گرنگییەکی زۆر بە خێزان، پێکهاتەکانی و پارێزگاریکردن لە منداڵان دەدرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئومێد دەکەین ئەو خانەیە و هەموو خانەکانی دیکە منداڵیان تێدا نەمێنێت''.
بەگوتەی پارێزگاری هەولێر، منداڵەکانی خانەکە لە بواری پەروەردەوە زۆر سەرکەوتوون، ''لەڕووی خوێندنەوە ساڵانە بە پلەی بەرز قۆناخەکان دەبڕن و بەشێکیان ئێستا لە کۆلێژە باشەکانی کوردستانن و بەشێکیشیان لەوێش تێپەڕیون''.
لە سنووری پارێزگای هەولێر، دوو خانەی منداڵانی بێسەرپەرشت هەن کە تایبەتن بە کوڕان و کچان، لەگەڵ دوو خانەی بەساڵاچووان و شێڵتەرێکی داڵدەدانی ئافرەتانی هەڕەشەلێکراو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ