لە گوندێکی نەغەدە دایکێک و کوڕەکەی بە تەقینەوەی گاز گیانیان لەدەستدا

30-01-2025
ناسر پیرۆتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی لێچوونی گازی ماڵانەوە، لە گوندێکی نەغەدە دایک و کوڕێک و لە ئیلامیش دوو گەنجی 25 ساڵان گیانیان لەدەستدا.
 
نزیکەی کاژێر 3ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ماڵێک لە گوندی ماسوێی نەغەدە لە پارێزگای ورمێ تەقییەوە و بە هۆیەوە ژنێک بە ناوی خاتوون ماملی و کوڕەکەی بە ناوی جەلال شیرخانی گیانیان لەدەستدا. ژنەکە تەمەنی نزیکەی 70 ساڵ و کوڕەکەش 40 ساڵانە.
 
لەو رووداوەدا، چوار کەسی دیکە لە ئەندامانی خێزانەکە بریندار بوون.
 
ئەمیر ئاقاعەلی‌نەژاد، بەرپرسی فریاکەوتی شاری نەغەدە رایگەیاند، رووداوەکە بەهۆی تەقینەوەی گازی ماڵان روویداوە. دەشڵێت، ئەو کەسانەی بریندارن لە نەخۆشخانە خەوێندراون.
 
شەوی رابردوو لە ئیلامیش دوو گەنجی 25 ساڵان بەهۆی لێچوونی گازی ماڵانەوە ژەهراویبوون و گیانیان لەدەستدا. 
 
موحسین وەیسی، بەرپرسی راگەیاندنی فریاکەوتنی ئیلام رایگەیاند، ئەو دوو گەنجە لەنێو شاری ئیلام و لەنێو ماڵێکدا خنکاون.
 
بەپێی ئاماری رێکخراوی فریاکەوتنی تەندروستیی ئێران لە 9 مانگی رابردوودا 217 کەس بەهۆی ژەهراویبوون و تەقینەوەی گاز گیانیان لەدەستداوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە