رووداو دیجیتاڵ
لە شارۆچکەی بازیدی سەر بە پارێزگای ئاگریی باکووری کوردستان، 36 کۆچبەری ئەفغانی دەستگیرکران.
تیمەکانی سەر بە فەرماندەیی جەندرمەی پارێزگای ئاگری ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ـی تشرینی دووەمی 2023، بۆ دەستگیرکردنی کۆچبەری نایاسایی ئۆپەراسیۆنێكی ئەنجامدا. تیمەکان لە سنووری شارۆچکەی بازید پشکنینیان بۆ باڵەخانەیەک ئەنجامدا، لە نێو بینایەکدا 36 کۆچبەری ئەفغانییان دەستگیرکرد، لە نێوانیاندا کەسێکیش بە تۆمەتی قاچاخیکردن بە کۆچبەران دەستگیرکرا.
لە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات، کۆچکردنی ئەفغانیەکان زیادیکردووە و بەردەوامیشە، ئەو کۆچبەرانە دوای ئەوەی خۆیان دەگەیێننە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، هەوڵی پەڕینەوە بۆ تورکیا و باکووری کوردستان دەدەن، بەڵام بەشی زۆریان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستگیردەکرێن و دیپۆرتدەکرێنەوە.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە 12ـی تشرینی یەکەمی 2023 ـدا رایگەیاند، تەنیا لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا 112 هەزار و 404 کۆچبەری نائاسایی دەستگیرکراون، 48 هەزار و 339 لەو کۆچبەرانە دیپۆرت کراونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ