رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئەمساڵ ساڵی نەهاتیی ئاوە، داهاتی ئاو یەکجار کەمە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراقیش".
ئەکرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان بەشداریی لە بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 8:00ی رووداو کرد، کە سنوور مەجید پێشکێشی دەکات، لە قسەکانیدا ئەوەی ئاشکراکرد کە هاتنی ئاو لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان لە سفرەوە نزیکبووەتەوە.
بەڕێوەبەری بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، "ئێران 95%ی سەرچاوەکانی ئاوی گرتووەتەوە، رژانی ئاو لە تورکیاشەوە زۆر کەمیکردووە، هەم لە دیجلە و هەم لە فوراتیش لە باشووری عێراق".
لە وەڵامی پرسیاری رووداو سەبارەت بە گفتوگۆکانی حکومەتی عێراق لەگەڵ ئەو وڵاتانە لەسەر پرسی ئاو، ئەکرەم ئەحمەد ئەوەی خستەڕوو، "تورکیا بەڵێن دەدات و بەشێکی جێبەجێ دەکات کە هێشتا وەکو پێویست نییە، بەڵام ئێران هیچ کاتێک ئامادە نییە بێتە نێو گفتوگۆیەکەوە تایبەت بێت بەو سەرچاوە ئاوانەی دەڕژێنە هەرێمی کوردستانەوە".
باسی لەوەش کرد عێراق دەیەوێت پەنا بباتە بەر ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و داوای پشکی ئاو بکات.
ساڵی پار، عێراق 42 ملیار مەتر سێجا ئاوی عەمبارکراوی هەبوو، ئەمساڵ بڕەکەی دابەزیوە بۆ نیوە کە 21 ملیار مەتر سێجایە. هەروەها هەردوو بەنداوی دووکان و دەربەندیخانیش بڕی ئاوی عەمبارکراویان لە سێ ملیار مەتر سێجا تێناپەڕێت، ئەمەش بەگوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەری بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان.
بە گوتەی ئەکرەم ئەحمەد، مەترسییە گەورەکە لەسەر رووباری سیروان و بەنداوی دەربەندیخانە کە وشک ببن، "بەو هۆیەوە ئاستی ئاوی ژێر زەوی بە شێوەیەکی مەترسیدار کەمیکردووە؛ بە جۆرێک لە هەولێر، بەتایبەت لە خواروو و ناوەڕاستی هەولێر، 200 مەتر بۆ 600 مەتر ئاستی ئاوی ژێر زەوی کەمیکردووە".
بڕی پێویستی ئاو لە هەرێمی کوردستان بۆ هەر ساڵێک ملیارێک مەتر سێجایە و تاوەکو ئێستا ئاوی پێویست هەیە، وەکو بەڕێوەبەری بەنداوەکان دەڵێت.
لە ئێران و تورکیاوە، چوار سەرچاوەی سەرەکیی ئاو دەڕژێنە نێو هەرێمی کوردستانەوە، لە ئێرانەوە 70%ی ئاوی سیروان و زۆربەی ئاوی زێی بچووک دەڕژێتە نێو خاکی هەرێمی کوردستانەوە، هەروەها لە تورکیاش سەرچاوەکانی زێی خابوور و زێی گەورە، دەڕژێنە نێو خاکی هەرێمی کوردستان.
بەراورد بە ساڵی 2020، بەنداوی دەربەندیخان لە یەک ملیار و 150 ملیۆن مەتر سێجا ئاو، کەمبووەتەوە بۆ 900 ملیۆن مەتر سێجا. لە بەنداوی دووکانیش سێ ملیۆن مەتر سێجا ئاو هەبوو، ئێستا کەمبووەتەوە بۆ دوو ملیۆن مەتر سێجا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ