بەرپرسیار؛ پەتاتەی 'قاچاخ' پەتاتەی خۆماڵیی بێبەها کردووە

8 کاژێر له‌مه‌وپێش
عەدنان رەشید
کێڵگەیەکی پەتاتە لە هەرێمی کوردستان.
کێڵگەیەکی پەتاتە لە هەرێمی کوردستان.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

نرخی پەتاتەی خۆماڵی بە بەراورد بە پەتاتەی دەرەکی، نزیکەی نیو هێندەیە و جووتیاران ناڕازین و دەڵێن: "بەهۆی پەتاتەی قاچاخەوە لە هەر تۆنێک پەتاتەی خۆماڵی 100 هەزار دینار زیان دەکەین." وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان قەدەخەی هاوردەی پەتاتەی دەرەکی کردووە، گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێت: "بەرپرس نین لە پەتاتەی هاوردەکراو، پلان هەیە بە یەکجاری رایبگرین."
 
جووتیارانی هەرێمی کوردستان بەرهەمی پەتاتەی وەرزی پاییزیان دەچنن و لە بڕ و کوالێتیی ئەم ساڵ رازین. بەڵام نرخ بە دڵی ئەوان نییە و یەک کیلۆ لە عەلوەکان لەنێوان 350 بۆ450 دینار دەفرۆشن. هەمان کات نرخی یەک کیلۆ پەتاتەی هاوردەکراو و "قاچاخ" لەنێوان 700 بۆ 750 دینارە.
 
سەعید عەلی، لە ساڵی 1989ـەوە کاری چاندن و بەرهەمهێنانی پەتاتە دەکات لە سنووری بەردەڕەش، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی: "هەر جووتیارێکی دەشتی نافکوڕ نزیکەی هەزار تۆن پەتاتەی هەیە، مانگێک پێش ئێستا یەک کیلۆ پەتاتەمان لەنێو زەوییەکە بە 550 دینار دەمانفرۆشت، ئێستا بە 350 دینار دەفرۆشین، چونکە قاچاخ دێ و نرخی دابەزاند. هەر کیلۆیەک بە 400 دینار لەسەرمان دەکەوێ و لەبازاڕ بە 350 دینار دەفرۆشین."
 
سەعید عەلی، داوا دەکات پەتاتەی "قاچاخ" رابگیرێت و حکومەت لە پێدانی کارەبای نیشتمانی هاوکارییان بکات.
 
پەیامنێری رووداو لە سنووری دهۆک بەشێکی جووتیارانی لەسەر زەوییەکانیان لە کاتی چنینی پەتاتە بەسەرکردەوە. حوسێن خدر،  لە دەشتی نافکوڕ لە بەردەڕەش، بەرهەمی ئەمساڵی 300 تۆن پەتاتەیە، بەڵام لە نرخەکەی رازی نییە، بە نایف رەمەزانی گوت: "پێش ئەوەی پەتاتەی ئێرانی بێتە بازار پەتاتەی خۆمان بە 500 هەتا 550 دینار دەفرۆشران، دوای ئەوەی پەتاتەی ئێرانی هات ئێستا کیلۆی خۆمان بە350 بۆ 450 دینار دابەزی، ئەگەر هەر تۆنێک 100 هەزار دینار زیان بکەین بۆ جووتیار دەکاتە زۆر."
 
بەشێکی جووتیاران بەهۆی بێبازاڕییەوە بەرهەمی ئەم ساڵی پەتاتەیان کۆگە دەکەن. کۆگەکردنیش بارگرانییەکە لەسەر ئەوان، چونکە دەبێ بۆ هەر تۆنێک کۆگەکردنی پەتاتە، مانگانە 50 دۆلار بدەن بە خاوەن کۆگە.
 
بە گوتەی خاوەن کۆگەکان، هۆکاری بێبازاڕی و کەمی نرخی پەتاتەی ئەمساڵ، هاوردەکردنە. سلێمان سدیق، خاوەن کۆگەیە، لە بەرپرسیار، گوتی: "پەتاتەی خۆماڵی سرووشتییە و تامی خۆشترە. تەنیا پەتاتەی نێوخۆ کۆگە دەکەین، ئێستا 5 هەزار تۆن پەتاتەی پاییزیم کۆگە کردووە  بۆ ماوەی شەش مانگ دەمێنێتەوە کە بەرهەمی نزیکەی 50 جووتیارە و بۆ هەر تۆنێک بۆ ماوەی سێ مانگ 80 هەزار دینار وەردەگرین. ئەگەر لەو ماوەیە زیاتر بمێنیتەوە زیاتر وەردەگرین."
 
پەتاتە لە قۆناخەکانی چاندن، خزمەتکردن، پێگەیشتن، چنین و گواستنەوەی بۆ عەلوە، نرخی هەر کیلۆیەک بە 480 تاوەکو 490 دینار لەسەر جووتیار دەکەوێت. بەو واتایە فرۆشتنی بە نرخی ئەمڕۆ لەسەر جووتیار زیانە و وەک سەعید عەلی، دەڵێت: " ئێستا بۆ هەر تۆنێک 100 دینار زیان دەکەین. داوا لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەکەین قاچاخی رابگرن."
 
بەپێی ساڵنامەی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، تاوەکو 31ـی ئەم مانگە هاوردەکردنی پەتاتەی دەرەکی بەهەموو شێوەیەک قەدەخەیە. بەڵام بازاڕ پڕە لە پەتاتەی ئێرانی.
 
تەحسین محەممەد، بازرگانێکی پەتاتەیە، بە رووداوی گوت: "پەتاتەی ئێرانی بە قاچاخ داخڵ دەبێت و گومرگی زۆری لەسەرە بۆیە کیلۆی بە 700 تاوەکو 750 دینارە، بەڵام خۆماڵی بە 400 تاوەکو 450 دینارە."
 
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، دەڵێت، تاوەکو پەتاتەی نێوخۆ تەواو نەبێ و لە کۆگەکان هەبن، رێگری دەکەن لە هاوردەکردنی پەتاتە.
 
هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، لە بەرپرسیار،گوتی: "پەتاتە لە هەرێمی کوردستان لووتکەی بەرهەمێنانی تۆمارکردووە و سەرووی 300 هەزار تۆن لە بەرهەمی نێوخۆ زیادە. لەپێناو ساخکردنەوەی بەرهەمی نێوخۆ، هاوردە قەدەخەیە تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە و دوای ئەو وادەیە، دووبارە قەدەخەی هاوردەی پەتاتە درێژ دەکرێتەوە."
 
وەزارەتی کشتوکاڵ خۆی بە "بەرپرس" نازانێت لە پەتاتەی هاوردەکراو. هیوا عەلی گوتی: " هەر جۆرە پەتاتەیەک لە هەر سنوورێک یان شوێنێکەوە هاوردە دەکرێ وەزارەتمان لێی بەرپرس نییە. بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی نێوخۆ، خەریکە دەگەینە بڕیارێک بە یەکجاری هاوردەی پەتاتە رابگرین."
 
بەرهەمی ساڵانەی پەتاتە لە هەرێمی کوردستان 600 هەزار تۆنە. بەشێکی هەناردەی شارەکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێ و بەشێکی لە بازاڕەکانی ئەرووپا و وڵاتانی عەرەبی ساخدەکرێتەوە. هیوا عەلی، گوتی: "زۆر بە خێرایی پەتاتە هەناردە دەکرێ، رەنگە سەرووی 20 هەزار تۆن هەناردە کرابێت. داواکاریی لە وڵاتانی عەرەبی و ماکدۆناڵز و کەی ئێف سی هەیە بۆ پەتاتەی هەرێمی کوردستان."
 
بەرهەمهێنانی پەتاتە لە هەرێمی کوردستان لە وەرزی پاییز و بەهار پێدەگات، ئەو بەشەی لە بازاڕەکانی نێوخۆ و دەرەوە ساخناکرێتەوە کۆگە دەکرێن. وەک گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ باسیدەکات، بڕی بەرهەمی ساڵانەی پەتاتەی کۆگەکراو نزیکەی 250 هەزار تۆنە و لەو وەرزەی پەتاتەی نێوخۆ لە بازاڕ نامێنێ، ساخدەکرێتەوە.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باخێکی زەیتوون لە پارێزگای هەولێر.

کشتوکاڵی هەڵەبجە: حکومەتی عێراق رێگە بە هاوردەکردنی نەمامی زەیتوون نادات

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە دەڵێت، کەشوهەوای هەرێمی کوردستان بۆ زەیتوون گونجاوە، بەڵام حکومەتی عێراق رێگە بە هاوردەکردنی نەمامی زەیتوون نادات، ئەمەش لە زەرەری جووتیارانە.