رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگاکانی وان و ئاگریی باکووری کوردستان 56 کۆچبەری نایاسایی دەستبەسەرکران.
قایمقامییەتی شارۆچکەی مورادیەی سەر بە پارێزگای وان لە هەژماری فەرمی خۆی لە سۆشیاڵ میدیا رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە، 9ـی کانوونی دووەمی 2024، تیمەکانی جەندرمە لەکاتی پشکینی رێگەوبان، لە خاڵی پشکینی گوندی ئونسەلی سێ کۆچبەری نایاساییان لە پاسێکی نەفەرهەڵگردا دەستبەسەرکردووە کە جلوبەرگی یاریدەدەری شۆفێریان پۆشیوە.
پەیوەست بە رووداوەکە دوو کەس بە ناوەکانی(ئە. ت.) و (م. ت.) دەستبەسەرکراون. دوای رێکاری لێکۆڵینەوە لەگەڵیان، دۆسیەکەیان بۆ دادگە نێردراوە.
بە بڕیاری داگە (م. ت.) بە مەرجی دادی ئازاد کراوە و (ئە. ت.) خراوەتە زیندانەوە.
لەلایەکی دیکەوە پارێزگای ئاگری رایگەیاند، تیمەکانی سەر بە فەرماندەیی پارێزگا، بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی، هەڵمەتێکی پشکنینیان کردووە.
تیمەکان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ حەوت هەزار و 126 کەس کردووە و 336 ئۆتۆمبێلیان پشکنیوە. لە ئەنجامدا 53 کۆچبەری نایاساییان دەستبەسەرکردووە.
هەرچەندە تورکیا سنوورەکانی خۆی لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە دروستکردنی دیواری کۆنکرێتی تووندوتۆڵ کردووە، بەڵام چوونی کۆچبەری نایاسایی لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەردەوامە و رۆژانە دەیان کۆچبەر دوای پەڕینەوەیان لە سنوور لە ناوچە جیاجیاکانی باکووری کوردستان و تورکیا دەستبەسەردەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ