بەدواداچوونی رووداو؛ 2020 بۆ 2024 ساڵ بە ساڵ کارەبای نیشتمانی کەمبووەتەوە

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
بە گوێرەیەک داتایەک کە دەستی رووداو کەوتووە، لە ساڵانی 2020 تاوەکو 2024، پێدانی کارەبای نیشتمانی لە هەولێر، ساڵ بە ساڵ کەمتر بووەتەوە و لە بەرامبەردا کاژێرەکانی کارکردنی موەلیدە زیاتر بووە.
بە گوێرەیەک داتایەک کە دەستی رووداو کەوتووە، لە ساڵانی 2020 تاوەکو 2024، پێدانی کارەبای نیشتمانی لە هەولێر، ساڵ بە ساڵ کەمتر بووەتەوە و لە بەرامبەردا کاژێرەکانی کارکردنی موەلیدە زیاتر بووە.
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دیار و گەیلان دانیشتووی گەڕەکی مامزاوەی هەولێرن، ئەم رۆژانە کاری بەردەوامیان بووەتە هەڵدانەوەی سێرکێتی موەلیدە، بە گوتەی دانیشتووانی گەڕەکەکە، لە 24 کاژێردا تاوەکو شەش کاژێر کارەبای نیشتمانییان هەیە.
 
لەترسی پارەی زۆری ئەمپێری موەلیدە، مانگی رابردوو دانیشتووانی گەڕەکەکە لەگەڵ خاوەنی موەلیدە رێککەوتوون لەدوای کاژێر 01:00ـی شەو کارەبا ببڕێت. 
 
دیار حوسێن پێی گوتین، لە گەڕەکەکەی ئەوان، کارەبای نیشتمانی زۆربەی جار شەوان دێتەوە، هەفتەیەکە کەمێک باشتربووە، ئەگەرنا بەر لە هەفتەیەک دیارنەبوو، کاژێر دوو یان سێی شەو دەهاتەوە، بەیانییەکەی کە بۆ نوێژ هەڵدەستاین جاری واهەبوو کارەبا نەبوو." 
 
زستانی ئەم ساڵ لە هەولێر کەم بارانە و شەپۆلی سەرما زۆر نەبووە، گەیلان حوسێنیش گوتی، لەوەتەی زستانە بەهۆی نەبوونی کارەبا، یەک جار لە ماڵی ئەوان هیتەر داگیرساوە. 
 
سادقی خاوەن موەلیدە لە مانگی 12ـی ساڵی رابردوو بە تێکڕا رۆژانە 14 کاژێر و نیو کارەبای داوەتە 540 هاوبەشی موەلیدەکەی. ئەو دەڵێت: لەو مانگەدا 450 کاژێر کاری بە موەلیدەکەی کردووە، 435 بۆ هەژمارکردووە و پێیان گوتووە با پارەکەی لەسەر خەڵک زۆر نەبێت. دەشڵێت: کاری موەلیدە خێری نەماوە و هەمووی بووەتە زیان.
 
بە گوێرەیەک داتایەک کە دەستی رووداو کەوتووە، لە ساڵانی 2020 تاوەکو 2024، پێدانی کارەبای نیشتمانی لە هەولێر، ساڵ بە ساڵ کەمتر بووەتەوە و لە بەرامبەردا کاژێرەکانی کارکردنی موەلیدە زیاتر بووە.
 
لە ساڵی 2020 لە مانگی 12 زۆرترین کارەبای موەلیدە 8 کاژێر بووە لە رۆژێکدا، بەڵام لە 2024 لە هەمان مانگ، 14 کاژێر موەلیدە کارەبای داوە، واتە شەش کاژێر کارەبای نیشتمانی کەم بووەتەوە.  
 
پڕۆژەی رووناکی 
 
لە گەڕەکی بەهاری نوێ لە هەولێر کە بەشداریی پڕۆژەی رووناکی کردووە و کارەبای 24 کاژێرییان هەیە، دۆخەکە جیاوازە. 
 
یەکەم زستانە مام عەبدولڕەحمان مێشکی ئاسوودەیە و خەمی ئاوی گەرم و بڕانی کارەبای نییە، پێش کارەبای 24 کاژێری، 9 ئەمپێر کارەبای موەلیدەی هەبوو، ئەو دەڵێت، مانگ هەبووە 180 هەزاری تەنیا کرێی موەلیدەی داوە، بەڵام ئێستا بەم کارەبا 24 کاژێرییە زۆرترین پارە 80 هەزاری بۆ هاتووەتەوە.
 
جگە لە لایەنە مادییەکەی، مام عەبدولڕەحمان دەڵێت: کێشەی ماڵەوەشیان کەمبووەتەوە، "چونکە هەمووی گارە گار بوو، هەتاوەکو مزەخەیەکمان پێدەکرد، دەبووایە دوو سێ شت بکوژێنینەوە، بەڵام ئێستا کێشەمان نییە سوپاس بۆ خوا، تەنیا دەست بە کارەباوە بگرین باشە و پارەکەی کەم دەبێتەوە."
 
بۆ گەڕەکەکانی دەرەوەی پڕۆژەی رووناکی، وەزارەتی کارەبا دەڵێت، لە هەولێر پێدانی کارەبا لەنێوان هەشت بۆ 10 کاژێرە. 
 
ژمارەی هاوبەشانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک و 900 هەزارە، لە وەرزی زستان کە خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا زیاتر دەبێت، هەرێمی کوردستان پێویستی بە شەش هەزار و 500 مێگاواتە، بەڵام بەرهەمهێنانی کارەبا تەنیا 3500 مێگاواتە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە