گالەری

رووداو - زیقار

گەورەترین زۆنگاوی عێراق کە دەکەوێتە باشووری پارێزگای زیقار، لە باشووری عێراق، مەترسیی وشکبوونی لەسەرە و بەگوتەی خەڵکی ناوچەکە، ئەوانەی قسەیان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کردووە، "زۆنگاوی حەممار ساڵ لەدوای ساڵ ئاستی ئاوی کەمدەکات و ئێستاش نزیکەی نیوەی وشک بووە".
 
زۆنگاوی حەممار بە فرەژینگەیی دەناسرا و شوێنی باڵندە کۆچەرییەکانە، هەروەها پێی دەگوترێت "دڵی قەمیشی عێراق"، ئێستا کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە زۆنگاوەکەدا دەرکەوتوون و بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئاو تێیدا هەروەها لەنێوچوونی جۆری بەنێوبانگی ماسی و تەنانەت نەمان یان کەمبوونەوەی پیشەی بەخێوکردنی گامێش لەنزیک زۆنگاوەکەدا.
 
تیمی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ ئامادەکردنی ئەم فۆتۆستۆرییە چوونەتە شاری ناسرییە کە زۆنگاوەکە نزیکەی نیو کاژێر لە سەنتەری شارەکەوە دوورە؛ تیمەکەی رووداو لە ئاسمان و زەوییەوە وێنەی زۆنگاوەکەیان گرتووە، کە بە روونی دەردەکەوێت: بەشێکی زۆری زۆنگاوەکە وشەک بووە، لە بەشێکی دیکەشیدا ئاستی ئاوەکەی بە جۆرێک نزم بووە کە لیتە دەرکەوتووە، بۆیە بەلەمەکان ناتوانن تێیدا گوزەر بکەن.
 
هۆکارێکی سەرەکیی وشکبوونی ئاوەکە جگە لە گۆڕانی کەشوهەوا وەک بەرپرسانی عێراق و خەڵکی ناوچەکە باسی دەکەن، دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ کە لە سەر رووبارەکانی دیجلە و فورات چەندین بەنداویان لە ناوەوەی وڵاتی خۆیان دروست کردووە. سەرچاوەی ئاوی زۆنگاوی حەممار رووباری فوراتە.
 
سەید ئەحمەد، ماسیگر لە زۆنگاوەکە بە رووداوی گوت "پێشتر سەرچاوەی زۆربەی ئاوی ئەم زۆنگاوە لە رووباری فوراتەوە بوو، ئێستا ئاوی رووباری فوراتی پێناگات. ئێستا تەنیا ئاوی پاشماوە و پاشەڕۆ پیسەکان و ئاوی قورسی بۆ دێت. ئەم ئاوەش بۆ ماسی و باڵندە گونجاو نییە و تەنانەت کاریگەریی لەسەر رووەکەکانیش هەیە". 
 
یەکێک لە وێنەکان سەید ئەحمەد دەردەکەوێت، کە دانیشتووی ناحیەی ئەتارە و رۆژانە راوە ماسی لە زۆنگاوەکەدا دەکات و بە بەلەم پێیدا دەگەڕێت، ئەو بەدەست نیشانی دەدات پێش چەند ساڵێک ئاستی ئاوەکە چەند بەرز بووە و ئێستاش بۆ چەند دابەزیوە.
 
"ماسی بننی و بەخێوکردنی گامێش خەریکە لەنێودەچن"
 
سەید ئەحمەد باسی لەوە کرد لە زۆنگاوی حەممار چەندین جۆر ماسی هەبوون، بەتایبەتیش ماسی بننی، کە ئێستا لەم زۆنگاوەدا نەماون و لەنێوچوون" هەروەها دەڵێ، "پێشتر هەزاران خێزان پشتیان بە راوەماسی و بەخێوکردنی گامێش دەبەست، کەچی ئەم پیشەیە خەریکە کۆتایی پێدێت. لێرە خەریکە ژیان کۆتایی دێت. رەنگە دوای مانگێک ئەم ناوچەیە بەتەواوی وشک بێت و ببێتە بیابان".
 
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی کشتووکاڵی پارێزگای زیقار لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا (لەنێوان ساڵانی 2020 تاوەکو 2023) ژمارەی گامێشەکانی پارێزگاکە نزیکەی 20 هەزار کەمبووە و گەیشتووەتە 78 هەزار و 500 گامێش. ". 

 

"زیقار، زۆرترین زیانی لە گۆڕانی کەشوهەوا بەرکەوتووە"

 
کەریم هانی محەممەد، بەڕێوەبەری ژینگەی زیقار بە رووداوی گوت "پارێزگای زیقار یەکێکە لەو پارێزگایانەی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە. ئەنجامی ژینگەی خراپ زاڵە، کە بەرچاوترینیان دیاردەی وشکبوونی زۆنگاوەکانە".
 
بەڕێوەبەری ژینگەی زیقار باسی لەوەش کرد "پێشتر زۆنگاوی حەممار ئاوی رووباری دیجلە و فوراتی پێدەگەیشت، بەڵام کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی هەردوو رووبارەکە، کاریگەریی نەرێنی و راستەوخۆی بەسەر ئەم زۆنگاوانەدا دەبێت، ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، لە ماوەیەکی دیاریکراودا زۆنگاوەکان کە بەشێکن لە کەلەپووری نیشتمانیی عێراق، وشک دەبن".