رووداو دیجیتاڵ
وەزیری خوێندنی باڵا نووسراوێک لەبارەی وەرزی نوێی خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا) بۆ ساڵی 2024 - 2025 ئاراستەی سەرجەم زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، "پلانەکانتان ئامادە بکەن."
رۆژی 27-08-2023 د. ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی بە ژمارە (16281) ئاراستەی سەرجەم زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی وەرزیی نوێی پلانی خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا) کرد.
لە نووسراوەکەدا، وەزیری خوێندنی باڵا دەڵێت، "کاری پێویست بکەن بۆ ئامادەکردنی پلانەکە، پاشان لەلایەن ئەنجوومەنی زانکۆکەتانەوە پەسند بکرێت و دواتر پلانەکە بەپێی فۆرمی هاوپێچکراو بۆ وەزارەت، فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان، بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی باڵای بنێرن."
لە نووسراوەکەدا د. ئارام محەممەد ئاماژەی بەوە کردووە، دوایین رێککەوت بۆ ئامادەکردنی پلانەکە 1ی تشرینی یەکەمی 2023ـە.
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو نووسراوە تایبەتە بە وەرزی نوێی خوێندنی باڵا و داوا لە زانکۆکان کراوە پلانی خۆیان ئامادە بکەن بۆئەوەی بزانرێت توانای وەرگرتنیان چەندە و چەند کورسییان پێویستە."
بە گوتەی د. توانا نەجەف، ئامادەکردنی ئەو پلانە بۆ وەرزی نوێ خوێندنی 2024 - 2025ـە، واتا دوای راگەیاندنی کورسی، ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان و تەواوکردنی هەموو رێکارەکان لە ساڵی داهاتوو وەرزی نوێ دەستپێدەکات و دەشڵێت، "داواکردنی پلانی زانکۆکان بۆ وەرزی نوێ بە کۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا بووە."
ئەمساڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا زیاتر لە 7000 کورسیی راگەیاند کە پێکدێن لە: 2308 کورسیی دیپلۆمی باڵای یەک ساڵە، 160 دیپلۆمی باڵا دوو ساڵەی پزیشکی، بۆ خوێندنی ماستەر 3312 کورسی، هەروەها بۆ خوێندنی دکتۆرا 1834 کورسی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ