بەرپرسێکی گۆڕان: پارتی و یەکێتی لیستی جیایان هەبێت لەگەڵ هیچیان نابین

29-07-2023
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، ئەوان لەگەڵ یەک لیستیی کوردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەتایبەتی لە کەرکووک، ئەگەر یەکێتی و پارتیش نەگەیشتنە رێککەوتن، لەگەڵ هیچ لایەکیان نابن و "قسەی دیکەشیان دەبێت".
 
رۆژی شەممە، 29-07-2023، هەردوو جڤاتى گشتى و نیشتمانیی بزووتنەوەى گۆڕان لەسەر پرسى ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانی عێراق بەتایبەت لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان کۆبوونەوە. 
 
نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی رووداو، "گەیشتووینەتە ئەو بڕوایەی ئەگەر ئێمە دوو لیست بین زۆر خراپە و ئەگەر سێ لیست بین زیاتر خراپە، تائێستا یەکێتی و پارتیش نەگەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی بە یەک لیست بەشداریی بکەن، بۆیە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ جەختمان لەسەر یەک لیستی لایەنەکان کردەوە، ئەوەش بڕیاری جڤاتە و هیچ سازشێکی بۆ هیچ لایەنێک تێدا نییە."
 
بە گوتەی نزار مەحموود، دەنگی کورد ئەگەر لە ناوچە دابڕێندراوەکان کەمبکات و کەرکووک یان شوێنێکی دیکە لەدەستبدەن، ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە و "خیانەتێکی" گەورەیە؛ کەرکووک بۆ هەموو کوردە و زۆربەی شۆڕشەکانی کورد لەسەر کەرکووک بووە. 
 
ئەندامەکەی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، "جەخت لەوە دەکەینەوە ناڕۆینە هیچ لیستێک لە لیستەکان، ئەگەر یەک لیست هەموو هەموو لایەنەکان تێیدا بەشدار بوون، ئەوە بەشدار دەبین، ئەگەر نەبوو و ئەوان [یەکێتی و پارتی] نەگەیشتنە رێککەوتن، لەگەڵ هیچ لایەکیان بەشدارنابین و ناچینە نێو هیچ لیستێکیانەوە و دواتر قسەی دیکەمان دەبێت، چونکە ناڕۆینە ژێر باری ئەوەی کورد پەرتەوازە بێت، لە سلێمانی، هەولێر، دهۆک و هەڵەبجە کێشە نییە، بەڵام لە کەرکووک، موسڵ کێشە هەیە."
 
بڕیارە رۆژی یەکشەممە، 29-07-2023، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارتی کۆببینەوە. ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان دەڵێت، "هیوادارین یەکێتی و پارتی رێککبکەون، چونکە کورد لە یەکێتی، پارتی و هەموو لایەنەکان گرنگترە و هەرچەند سازش بکەن ئەوە باشترە، ئەگەر هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن و دەیانەوێت ئەو ناوچانە لە دەست نەدەین و دەیانەوێت کورد لەوە زیاتر زەرەر نەکات، ئەوە دەبێت چاوپۆشی لە هەموو شتێکی دیکە بکەن و بە یەک لیست بەشداریی هەڵبژاردن بن."
 
ئەو گوتانەی ئەندامەکەی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان لە کاتێکدایە، محەممەد خورشید، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی ئەمڕۆ بە رووداو گوت، "پارتی بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ چەند لایەنێک لە گفتوگۆدایە و هەندێک لایەن ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە و هەندێکیش ماون وەڵامی کۆتایی بدەنەوە، بەڵام لە کەرکووک لەگەڵ برایانی یەکێتی دوورین لە یەکدی و ماوەیەکە گفتوگۆکان لەنێوانماندا وەستاون. مەکتەبی کەرکووک گەرمیانی پارتی نەیویستووە لەگەڵ یەکێتی لە یەک لیستدا بەشداری هەڵبژاردن بێت، چونکە لەوانەیە دەنگدەرانی ئێمە ئەوە قبووڵ نەکەن."
 
بڕیارە رۆژی 18-12-2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بکرێت. تەنیا دوو رۆژ لەبەردەم پارتە سیاسییە کوردستانییەکان ماوە بۆ ئەوەی هاوپەیمانییەکی کوردستانی پێکبهێنن و تۆماری بکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.