پێشنیاز دەکرێت عەرەبی هاوردە بە میکانیزمێکی دیکە قەرەبوو بکرێنەوە

29-05-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دەستەى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان پێشنیازێک دەداتە حکومەتى فیدراڵى بۆئەوەى لە دەرەوەى مادەى 140 قەرەبووى ئەو عەرەبانە بکرێتەوە کە لەسەر زەویى هاونیشتمانییانن لە ناوچە کوردستانییەکان.
 
ئەو پێشنیازە لە سەردانى شاندێکى ئەو دەستەیەدا کراوە بۆ بەغدا کە لە 26 و 27ى ئایار لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى فیدراڵى کۆبوونەوە.
 
فەهمى بورهان، سەرۆکى دەستەى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان رۆژی چوارشەممە 29ی ئایار بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو پێشنیازەى داوە بە لیژنەیەکى وەزارى، کە نوێنەرى حەوت وەزارەتى حکومەتى فیدراڵیى تێدایە.
 
لەسەروبەندى دروێنەکردن و رادەستکردنى گەنم لە کەرکووک، کێشە کەوتە نێوان جووتیارانى کورد و عەرەبە هاوردەکان؛ رێککەوتن بەشێوەیەکی کاتی کرا بۆ دروێنەکردنی گەنم تاوەکو دواتر چارەسەرى کێشەى زەویوزار لە کەرکووک دەکرێت.
 
لیژنەى باڵاى مادەى 140 بڕى 20 ملیۆن دینار دەداتە هەر عەرەبێکى هاوردە لە ناوچە کوردستانییەکان بۆئەوەى بگەڕێتەوە شوێنى پێشووى خۆى. فەهمى بورهان دەڵێت، "پێشنیازەکە تەنیا تایبەت نییە بە کەرکووک، بەڵکو بۆ هەموو ناوچە کوردستانییەکانە کە هەمان کێشەیان تێدایە؛ دەمانەوێت قەرەبووەکە لە دەرەوەى مادەى 140ى دەستوور بێت." لەبارەی بڕی پارەکەش، فەهمی بورهان گوتی، هیچ بڕێک دیاری نەکراوە.
 
15ى ئایار لیژنەیەک لە بەغداوە سەردانى کەرکووکى کرد و لەگەڵ عەرەبە هاوردەکان رێککەوتن لە شەش مانگدا کێشەى خاوەندارێتى زەوییە کشتوکاڵییەکانى ئەو پارێزگایە یەکلایی بکرێتەوە. بە گوتەى فەهمى بورهان، لیژنەکەى حکومەت "پێشنیازەکانمانی پێ باش بوو و پێویستى بە تاوتوێکردنى زیاترە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کارمەندێکی سەرژمێری لەکاتی راپەڕاندنی کارەکەی لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

دەستەی ئامار: مانگی شوبات ئەنجامی کۆتایی سەرژمێری رادەگەیێندرێت

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەرژمێری بە سەرکەوتوویی کۆتاییهات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بڕیارە 15ی شوباتی داهاتوو ئەنجامی کۆتایی سەرژمێرییەکە رابگەیێندرێت.