رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان لە رووداوێکی هاتووچۆدا سێ کەس گیانیان لەدەستدا و شەش کەسی دیکەش بریندار بوون.
رووداوەکە شەوی پێنجشەممە، 28ـی ئاداری 2024، لەسەر رێگەی سەرەکیی نێوان شارۆچکەی سوێرەگ و شاری رووها لە ئەنجامی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلێک روویدا.
بەهۆی پێکدادانەکەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا و شەشی دیکەش بریندار بوون، دوای گەیشتنی تیمەکانی بەرگریی شارستانی، پۆلیس و فریاکەوتن، بریندارەکان گوێزرانەوە بۆ نەخۆشخانە.
حەسەن شڵداک، پارێزگاری رووها، لە پەیامێکدا لە هەژماری سۆشیاڵ میدیای خۆی رایگەیاند: "کاژێر 20:20 خولەک لەسەر رێگەی نێوان سوێرەگ - روها دوو ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلێک پێکیاندادا و بەو هۆیەوە سێ هاووڵاتیمان گیانیان لەدەستداوە و شەشی دیکەش بریندار بوونە. بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە نزیکەکان".
تائێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی تەندروستی بریندارەکان بڵاونەکراوەتەوە.
بەگوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی تورکیا کە لە هەفتەی یەکەمی مانگی شوباتی ئەم ساڵدا بڵاوکرانەوە، لە یەکەم مانگی 2024ـدا لە سەرتاسەری تورکیا و باکووری کوردستان لە 44 هەزار و 791 رووداوی هاتووچۆدا 195 کەس گیانیان لەدەستداوە و 23 هەزار و 534 کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ