وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: کۆتایی ئەم مانگە دوایین وادەیە بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبوون

29-01-2024
نازەنین گۆران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسێکی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کۆتایی ئەم مانگە دوایین وادەیە بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبوون و تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ درێژکردنەوەی نییە. 
 
رۆژی دووشەممە، 29-01-2024، توانا بەشیر، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نزیکەی 68 هەزار کەس خۆیان لە سیستمی پڕکردنەوەی فۆڕمی یەکە نیشتەجێبووەکان تۆمارکردووە، بەڵام ئەوانەی کە هەموو مامەڵەکانیان بە دروستی پڕکردووەتەوە و کۆدیان بۆ گەڕاوەتەوە زیاتر لە 25 هەزار کەسە."
 
دووجار پڕکردنەوەی فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبوون درێژکراوەتەوە. دوایین جار رۆژی 30ـی کانوونی یەکەمی 2023 بوو کە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کاتی پڕکردنەوەی فۆڕمەکەی تاوەکو رۆژی 1ـی شوباتی 2024 درێژکردەوە. ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەڵێت، "درێژکردنەوەی وادەی فۆڕم پڕکردنەوە بۆ ئەوەیە زۆرترین هاونیشتمانی سوودمەندبن و کەس بێبەش نەبێت. تاوەکو ئێستاش دیار نییە بۆ سێیەم جار درێژدەکرێتەوە یان نا. ئەگەر وادەکە درێژبکرێتەوە، ئەوە 31ـی ئەم مانگە رادەگەیێندرێت".
 
ژمارەی ئەو یەکانەی نیشتەجێبوون کە بۆ کەمدەرامەتەکان دروست دەکرێت 9004 شوقەیە؛ 1356ـیان لە هەولێرن؛ لە سلێمانی 3876 دانە؛ لە دهۆک 2116 و هەڵەبجە 192؛ ئیدارەی گەرمیان 360؛ ئیدارەی راپەرین 420؛ ئیدارەی زاخۆ 324 و ئیدارەی سۆران 360 یەکە.
 
بەشێکیان 95%ـی کارەکانیان تەواو بووە و هەشیانە 80% و کەمتری تەواو بووە، تاوەکو دەگاتە 13٪، تەواوکردنی کاری سەرجەم شوقەکان پێویستی بە 267 ملیار دینارە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لەبارەی وادەی دابەشکردنی یەکەکان بەسەر هاونیشتمانییان رایگەیاند، "هەوڵ دەدرێت ئەم ساڵ ناوەکان جیابکرێنەوە، بەڵام بۆ دابەشکردنیان و نیشتەجێبوونی هاونیشتمانییان تێیاندا ئەوە دەکەوێتە ساڵی داهاتوو، دوای تەواوکردنیان. هەموو هەوڵێکیش دەدرێت ئەو یەکانەی کارکردن تێیاندا تەواو بووە، زوو دابەشبکرێن و هاونیشتمانییان سوودیان لێ وەربگرن."
 
رۆژی 8ـی ئابی 2023، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا پڕکردنەوەی فۆڕمی ئەو یەکانەی نیشتەجێبوونی راگەیاند و گوتی، "پێگەی ئەلیکترۆنیی تایبەت بە پێشکێشکردنی فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبوون کە بەپێی یاسای ژمارە 16ـی ساڵی 2012ـی یاسای نیشتەجێبوون تایبەت بە یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی کەمدەرامەت لە هەرێمی کوردستان دەرکراوە، ئەمڕۆ کارا دەکرێت و ئەو هاووڵاتییانەی خۆیان بە شایستە دەزانن، دەتوانن فۆڕم پڕبکەنەوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.