رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیار وابوو هەفتەی پێشوو بڕی 700 ملیار دینار بۆ مووچە بنێردرێت و دەست بە دابەشکردنی موچە بکەن، "بەڵام جارێکی دیکە پێچەوانەی هەموو قسە و باسی ناو کۆبوونەوەکان و رێککەوتنەکان ناردنی پارەکە دواکەوت." دەشڵێت، "ئەگەر دۆخەکە بەمجۆرە بەردەوامبێت، لەبەرامبەر پێشێلکردنی مافی دەستووری خەڵکی هەرێمی کوردستان ناتوانین بێ دەنگ بین."
رۆژی شەممە، 28-10-2023، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بڕیار وابوو هەفتەی پێشوو بڕی 700 ملیار دیناری مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت و دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەین، بەڵام جارێکی دیکە پێچەوانەی هەموو لێدوان، قسە و باسی ناو کۆبوونەوەکان و رێککەوتنەکان ناردنی پارەکە دواکەوت."
بە گوتەی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم هەفتەیە شاندی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا و رۆژی سێشەممە حکومەتی عێراق کۆبوونەوەی هەیە، دەشڵێت، "دەمانەوێت بڕیارێکی کۆتایی و ریشەیی لەم بارەیەوە بدرێت و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەخرێنەوە ناڕەحەتی و سەختی."
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لە ماوەی رابردوودا نیەتی روونی حکومەتی هەرێمی کوردستان نیشاندرا بۆ رێککەوتن و گەیشتنە ئەنجام لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ. هیچ شتێک لەسەر ئێمە نەماوە کە ئەنجامیبدەین، بەڵام ئەگەر دۆخەکە بەمجۆرە بەردەوامبێت، لەبەرامبەر پێشێلکردنی مافی دەستووری خەڵکی هەرێمی کوردستان ناتوانین بێ دەنگ بین."
لە پارێزگاکانی عێراق دابەشکردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم تەواوبووە و تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی ئاب، ئەیلوول و تشرینی یەکەمی هەرێمی کوردستان دابەشنەکراوە و بۆ دابەشکردنی حکومەت چاوەڕوانی ناردنی 700 ملیار دینارە لە بەغداوە.
14ـی مانگی رابردوو شاندێک بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەغدا و هەولێر کە تایبەتن بە مووچە سەردانی بەغدایان کرد، جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی عێراق و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان کۆبوونەوە.
لەدوای سەردانەکەی شاندە باڵاکەی حکومەت بۆ بەغدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە و بڕیاریدا بڕی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بە هەرێمی کوردستان بدات بۆ ماوەی سێ مانگ، واتا مانگانە 700 ملیار دینار، ئەمەش بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە 920 بۆ 940 ملیار دینارە بۆ مووچە، جگە لە خەرجیی بەکاربردن و دامودەزگاکان و بودجەی وەبەرهێنان و تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا، بڕیارە ئەو کورتهێنانەی بۆ مووچە دروست دەبێت، لە داهاتی نێوخۆ پڕبکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ