بەشێک لە دانیشتووانی ژمارەیەک گوندی گەرمیان بەهۆی وشکبوونی سەرچاوەکانی ئاو گوندەکانیان جێدەهێڵن

29-10-2023
هونەر حەمید
شوێنی ئاودانی مەڕوماڵات لە گوندێکی گەرمیان. وێنە: رووداو
شوێنی ئاودانی مەڕوماڵات لە گوندێکی گەرمیان. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - گەرمیان

بەشێک لە گوندەکانی سنووری گەرمیان بەهۆی وشکبوونی سەرچاوەکانی ئاویان، بە تانکەر ئاو بۆ خۆیان دابین دەکەن. خەلەف 70 ساڵە لە گوندی بنەکەی خەپە کوێری گەرمیان دەژی و وەکو خۆی دەڵێت، نزیکەی 50 ساڵە بە تانکەر لە گوندەکانی چواردەورەوە ئاو دابین دەکەن.
 
خەلەف محەممەد کە جووتیارە، تیمی رووداوی بردە سەر ئەو بیرە ئاوەی کە لە ساڵی 2000 بۆ گوندەکەیان لێدراوە، ئەوکات پێیان گوتووە، 170 مەتریان بۆ هەڵکۆڵیون، کەچی دواتر دەرکەوتووە بیرەکە تەنها 40 مەتر قووڵە.
 
خەلەف دەڵێت، "بە حوکمی ئەوەی گوتیان ئاوتان بۆ چاک دەکەین، بەشێک لە دانیشتووانی گوندەکان هاتنەوە، خانوویان دروستکرد، سەیریان کرد ئاو نییە، ئەوانیش وازیان لە ئاواییەکە (گوندەکە) هێنا، ئەمەشی ماوە هەر مانگێک جارێک ماڵێکی بار دەکات."
 
گوندەکانی بنەکەی خەپە کوێر، چیاسوورخەوە، شێخ فەیزوڵڵا، بەردە عەلی سەروو بەردە عەلی خواروو، دوو گەڕەکی رزگاری و کفری لە  سنووری ئیدارەی گەرمیان، نزیکەی شەش مانگە دوو جار تەندەری بۆ کراوە، بەڵام هیچ بەڵێندەرێک پڕۆژەکەی وەرنەگرتووە.
 
محەممەد رەشید، جووتیار ئاماژە بەوە دەکات، "ئاوی گوندەکەمان هیچ بەکەڵک نایەت، شۆرە، ترشە، تاڵە، نە بۆ خواردنەوە و نە بۆ خۆشۆردن ناشێ. لەدوای ئەوەش، سەرەڕای ئەوەی وایە، 10 خولەک ئاو نادات؛ واتە لە بەیانی تاوەکو ئیوارە ئێمە 20 خولەک ئاومان نییە، هیچ سوودێکی نییە، نیوەی گوندەکە چۆڵ بووە هەر لەبەر بێ ئاوییە بە خوا."
 
عەزیز عەلی، جووتیار دەڵێت، "نزیکەی سێ دەفتەر و نیوم لەم شوێنە خەرج کردووە؛ تارمەی حەیوانم کردووە، شوێنی ئاژەڵم کردووە، ماڵم کردووە بۆ خۆم، بەڵام ئێستا لێرە نیم، چەند مانگێکە بارم کردووە بۆ ناحیەی رزگاری و لەوێ لە خانووی کرێم. لەبەر بێ ئاوی بارم کردووە، ئەگەر ئێرە ئاوی هەبێت، من دێمەوە بۆ شوێنی خۆم، ئەمە شوێنی باو باپیرمە."
 
ئیدارەی گەرمیان بۆ جاری سێیەم تەندەر بۆ پڕۆژەکان رادەگەیێنێت و چاوڕێن بەڵێندەر وەریانبگرێت.
 
چۆمان ئەحمەد، گوتەبێژی ئیدارەی گەرمیان رایگەیاند، "لە بەشی گرێبەستەکانی ئیدارەی گەرمیان، بۆ جاری دووەم پرۆسەی تەندەرینی بۆ کراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی وەرنەگیراوە، ئیدارەی گەرمیان لە بەرنامەیدایە بە زووترین کات بۆ جاری سێیەم ئەو پرۆژانە رابگەیێنێتەوە، بۆئەوەی وەربگیرێت و بچێتە واری جێبەجێکردنەوە."
 
28 گوندی گەرمیان گرفت لە سەرچاوەی ئاوەکانیاندا هەیە، بە جۆرێک کە بیرەکانیان وشکی کردووە یاخود بیری قووڵ لێدراون و سەرچاوەکانیان وشکی کردووە؛ بەشێکیان بە تانکەر ئاویان پێدەگەیێندرێت.
 
لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا لەلایەن رێکخراوە خێرخوازییەکانەوە حەوت بیری ئیرتیوازی بۆ حەوت گوندی گەرمیان لێدراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.