لە باشماخ ئێران رێگە بە هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان نادات بە ئۆتۆمبێلی 'مۆدێل بەرز' گەشت بکەن

28-09-2023
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە دەروازەی حاجی ئۆمەران تائێستا رێگە بە گەشتیاران نادرێت بە ئۆتۆمبێلی خۆیان گەشت بۆ ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بکەن، لە باشماخیش رێگە بە هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی "مۆدێل بەرز نادرێت." بەڵام لە دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان هەر گەشتیارێک کەفیلێکی هەبێت رێگەی پێدەدرێت بە ئۆتۆمبێلەکەی گەشت بکات. 
 
رۆژی پێنجشەممە 28-09-2023، شاخەوان بەکر، بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ماوەی 10 رۆژە رێگە بە گەشتیاران نەدەدرا بە ئۆتۆمبێلی تایبەت خۆیان گەشتی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بکەن، باس لەوەدەکرا لە دیوی ئێران کێشەی بیمە هەیە، بەڵام ئەوە چارەسەر کراوە و رێگە دەدەن گەشتیاران ئۆتۆمبێل بەکاربهێنن جگە لە چەند ئۆتۆمبێلێکی مۆدێل بەرز نەبێت."
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ، رێگە نادرێت گەشتیاران ئۆتۆمبێلی جۆری لاندکرۆزەر بەهەموو مۆدێلە بەرزەکانییەوە، توێتا پڕادۆ، بی ئێم و مارسیدس بچنە ئێران. بەگوتەی بەرپرسانی سنووری ئێران "پێشتر خەڵک بەو ئۆتۆمبێلانە رۆشتوون و نەگەڕاونەتەوە، وەکو بڵێی کاری قاچاخچێتییان پێ کردبێت."
 
پێشتر بۆ ئەوەی هەر گەشتیارێک ئۆتۆمبێلی خۆی بۆ ئێران ببات 250 دۆلاری لێوەردەگیرا. شاخەوان بەکر دەڵێت: "لەو برە پارەیە زیاتریش لە گەشتیاران وەردەگیرا و بەگوێرەی جۆری ئۆتۆمبێلەکان دەگۆڕدرا. بڕیارە ئەو نرخانەش هەمووی پێداچوونەوەی پێوەبکرێت."
 
هەروەها سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ماوەیەکە گەشتیاران ناتوانن بە ئۆتۆمبێلی خۆیان بچنە ئێران، لە دیوی ئێران کێشەی بیمە هەیە، بڕیار بوو شەممەی رابردوو چارەسەر بکرێت، بەڵام تائێستا هیچ نەکراوە."
          
بەگوتەی گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران، "هەر گەشتیارێک بە ئۆتۆمبێلی خۆی گەشتی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی کردبا بەشێوەیەکی فەرمی دەبووایە 250 دۆلار بدات، بەڵام لەو نرخە زیاتر وەردەگیرا، گەشتیار هەیە 700 بۆ 800 دۆلاری لێوەرگیراوە کە ئەوەش بەپێی جۆری ئۆتۆمبێلەکان دەگۆڕدرا، بڕیارە ئەوەش چارەسەر بکرێت و پێداچوونەوە بە نرخەکان بکرێت."
 
لە دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان رێگە بە گەشتیاران دەدرێت بە ئۆتۆمبێلی خۆیان گەشتی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بکەن. عەباس ئیسماعیل، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رێگە بە گەشتیار دەدرێت بە هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێک گەشت بکات، بەڵام دەبێت کەفالەتێکی باشی هەبێت و بۆ نرخیش هەر 250 دۆلار دیاریکراوە و لەوە زیاتر وەرنەگیراوە."
 
لە 25ـی تەممووزی 2023 لە هەردوو دەروازەی حاجی ئۆمەران و باشماخ ئێران رێگە بە گەشتیارانی هەرێمی کوردستان نەدا بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان گەشت بۆ ئەو وڵاتە بکەن، بەڵام دواتر کێشەکە لە باشماخ چارەسەر کرا و ئێستا تەنیا رێگە بە ئۆتۆمبێلی 'مۆدێل بەرز' نادرێت. 
 
جگە لە دەروازە لاوەکی و نافەرمییەکان، هەرێمی کوردستان سێ دەروازەی نێودەوڵەتیی فەرمی لەگەڵ ئێراندا هەیە، حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر، باشماخ و پەروێزخان لە پارێزگای سلێمانی.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.