ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر داوا لە حکومەت دەکات رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجوومەن دیاری بکات

28-09-2023
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێت، داوایان لە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش بکرێت. دەشڵێت: "رۆژی یەکشەممە وردەکاریی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق بڵاودەکرێتەوە."
 
رۆژی یەكشەممە 24ـی ئەیلوولی 2023، دادگەی فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا بە "نایاساییبوون"ـی درێژکردنەوەی تەمەنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان. بڕیارەکەى دادگەى فیدراڵى لەسەر سکاڵایەکی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکى جووڵانەوەى نەوەى نوێ و سروە عەبدولواحید، سەرۆکى فراکسیۆنى ئەو جووڵانەوەیە لە پەرلەمانى عێراق درا.
 
رۆژی پێنجشەممە 28-09-2023، عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تائێستا بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراقمان بەدەست نەگەیشتووە بۆ ئەوەی بزانین وردەکارییەکەی چییە، ئایا بڕیارەکانی ئەنجوومەن لە ماوەی درێژکردنەوەی تەمەنی هەڵدەوەشێنێتەوە یاخود نا؟ چونکە لەو ماوەیە زۆر بڕیاردراون ئەگەر هەڵبوەشێتەوە لە رووی ئیدارییەوە تووشی زۆر گرفت دەبین، هەرچەندە پێشبینی دەکەین تەنیا کارەکانی ئەنجوومەن بۆ لەمەودوا رابگرێت."
 
دادگەی فیدراڵیی عێراق یاسای ژمارە 2ـی ساڵی 2019ـی بە "نادەستووری" لە قەڵەم داوە. عەلی رەشید گوتی: "هەرچەندە ئەو یاسایە تایبەتە بە درێژکردنەوەی تەمەنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، بەڵام دادگە بە فەرمی ناوی ئەنجوومەنی نەهێناوە."
 
ئێستا ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کارەکانیان راگرتووە و بەگوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر چاوەڕوانن رۆژی یەکشەممە وردەکاریی بڕیاری دادگەی فیدراڵییان پێ بگات. 
 
عەلی رەشید گوتی: "ئێستا دەسەڵاتی ئەوەمان نییە هیچ نووسراوێک بکەین، بەڵام بە زارەکی ئاگاداری ئەنجوومەنی وەزیرانم کردووە لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش بکرێت، ئێستا چاوەڕوانین ئەنجوومەنی وەزیران رۆژی هەڵبژاردن دیاری بکات." 
 
نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، 18ـی تشرینى دووەمى 2023ـی دیاریکردبوو بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، بەرلەوەى لە 30ـی ئایار دادگەى فیدراڵیى عێراق درێژکردنەوەى تەمەنى خولی پێنجەمی پەرلەمانى کوردستان بە "نادەستوورى" لەقەڵەم بدات.
 
لە 9ـی تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى کوردستان یاسای ژمارە 12ـی درێژکردنەوەى خولى پێنجەمیی خۆی پەسندکرد لەدواى ئەوەى تەمەنەکەى کۆتایی هات. لە 22ـی ئایارى 2023 پەرلەمان بڕیارى کاراکردنەوەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمى کوردستانی دا، بەڵام بەگوێرەى بڕیارەکەى دادگە، ئەو کاراکردنەوەیەش "نایاسایی"ـیە و بڕیارە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات، کە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، رۆژی 25-02-2024 بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە دیاریکراوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.