رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان، 14 ناوچەی دیکە وەکو "ناوچەی ئەمنیی تایبەت" ناسێندران و بۆ ماوەی 15 رۆژ چوونی خەڵک بۆ ئەو ناوچانە قەدەخە کرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوێک، کە لەلایەن پارێزگای شرنەخ بڵاوکراوەتەوە، 14 ناوچەی سەر بە ناوەندیی شاری شرنەخ و شارۆچکەکانی جزیر، سلۆپی، قلەبان، باسان و ئەلکێ بۆ ماوەی 15 رۆژ وەکو "ناوچەی ئەمنیی تایبەت" ناسێندران و هاتن و چوونی خەڵک بۆ ئەو ناوچانە قەدەخە کرا.
پارێزگای شرنەخ رایگەیاند، قەدەخەکردنەکە لە ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ـی ئەیلوولی 2023ـەوە دەستپێدەکات و تاوەکو 12ـی تشرینی یەکەمی 2023 بەردەوام دەبێت.
پارێزگای شرنەخ رایگەیاندووە، "بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، دەستەبەرکردنی سەلامەتی گشتی، رێگری لە تاوان و پاراستنی ماف و ئازادییەکانی دیکە" ئەو ناوچانە وەک ناوچەی ئەمنیی تایبەت راگەیێندراون.
پارێزگای شرناخ هۆشداریی داوەتە خەڵکی کە لەپێناو سەلامەتی خۆیان نەچنە ناوچە قەدەخەکراوەکان. ئاماژەی بەوەشداوە، ناوچە قەدەخەکراوەکان لە ماڵپەڕی فەرمی پارێزگای شرنەخ بڵاوکراونەتەوە.
لە سنووری پارێزگای شرنەخ رۆژی هەینی 15ـی ئەیلوول پێنج ناوچەی سەر بە شارۆچکەی باسان و رۆژی چوارشەممە 13ـی ئەیلوول ـیش، 14 ناوچەی سەر بە ناوەندی شاری شرنەخ و شارۆچکەکانی سلۆپی، جزیر، قلەبان، باسان و ئەلکێ ـی وەک "ناوچەی ئەمنیی تایبەت" ناسێندران و بۆ ماوەی 15 رۆژ هاتووچۆی خەڵک بۆ ئەو ناوچانە قەدەخە کرا.
سوپای تورکیا لەم دواییانەدا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە گەریلاکانی پەکەکە لەسەر سنووری باکوور و باشووری کوردستان و چەند پارێزگایەکی دیکەی باکووری کوردستان زیادکردووە، بەو هۆیەوە قەدەخەی هاتووچۆ و ناوچەی ئەمنیی تایبەت لە ناوچەکەدا رادەگەیێندرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ