پێشبینیی دەکرێت تاوەکو 100 هەزار زیارەتکار لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە بچنە کەربەلا

28-08-2023
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئێران رایدەگەیێنێت، رۆژ بە رۆژ چوونی زیارەتکاران لە رێگەی دەوازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بەرەو عێراق زیاتر دەبێت بەتایبەتی لە حاجی ئۆمەرانەوە، تەنیا رۆژی یەکشەممە نزیکەی دوو هەزار زیارەتکار لەو دەروازەیەوە گەیشتوون.
 
عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئێران لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە رۆژی یەکشەممەوە هاتنی زیارەتکاران زیاتر بوو، تەنیا لەو رۆژە نزیکەی دوو هەزار کەس هاتوون کە بە کۆی گشتی تاوەکو ئێستا نزیکەی چوار هەزار کەس هاتوون و تاوەکو 4ـی ئەیلوول رۆژ بە رۆژ هاتنی زیارەتکاران لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە زیاتریش دەبێت."
 
رێوڕەسمی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن هەموو ساڵێک لە 20ـی مانگی سەفەر (مانگی سەفەر بەپێی رۆژژمێری هیجری لەدوای مانگی موحەڕەم دێت) لە عێراق و چەند وڵاتێکی دیکە بەڕێوەدەچێت؛ سەدان هەزار لە باوەڕدارانی شیعە سەردانی مەزارگەی ئیمام حوسێن لە کەربەلا دەکەن و بە چەندین شێواز ماتەمینی دەگێڕن. 
 
ئیمام حوسێن، کچەزای محەممەد، پێغەمبەری ئیسلام (د.خ.) لە شاری کەربەلا، لەگەڵ خێزان و دەیان لە کەسوکار و لایەنگرانی لە ساڵی 680ـی زایینی و لەسەر دەستی لایەنگرانی یەزیدی کوڕی مەعاوییە، خەلیفەی ئەمەوییەکان کوژرا.
 
لە دەروازە سنوورییەکان 24 کاژێر پێشوازی لە زیارەتکاران دەکرێت، هەموویان پشوویەک وەردەگرن و دواتر بە پاس دەگوازرێنەوە بۆ بەشداریکردنی لە چلەی ئیمام حوسێن. لە هەولێریش شوێن بۆ پشوودانی زیارەتکاران دابینکراوە. 
 
عەبدوڵلا ئاکرەیی دەشڵێت، "لە رێگەی دەروازەکانی حاجی ئۆمەران و باشماخەوە زیارەتکار دێنە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بەشداری لە چلەی ئیمام حوسێن بکەن، بەڵام زۆرترین زیارەتکار لە رێگەی حاجی ئۆمەرانەوە دێن."
 
بەرپرسی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئێران ئاماژەی بەوەشکرد کە بەرپرسانی ئێران، سوپاسی هەرێمی کوردستانیان کردووە بۆ ئەو پێشوازییەی لە زیارەتکاران دەکرێت، دەشڵێت، "ئەوان پێشبینیی هاتنی نیو ملیۆن زیارەتکاریان دەکرد، بەڵام ئێمە پێشبینیی هاتنی ئەو ژمارە زۆرە ناکەین لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە، ئەوپەڕی لەنێوان نزیکەی 50-100 هەزار زیارەتکار دێن."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.