رووداو دیجیتاڵ
سێ رۆژە ئاگر لە دارستانەکانی چیای جوودی لە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان کەوتووەتەوە. سەربازانی سوپای تورکیا لەو ناوچەیە تۆماری ڤیدیۆیی ئاگرەکەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردووەتەوە، خۆشحاڵی خۆیان بە سووتانی دارستانەکانی ناوچەکە دەردەبڕن.
ئاگرەکەی قەدپاڵی چیای جوودی کاژێر 22:00ـی شەوی چوارشەممە، 26ـی تەممووزی 2023 لە ناوچەیەکی نێوان گوندی سۆربتمێ و گەرا مهەتێ لە نزیک سەربازگەیەکی سوپای تورکیا لە نزیک سنووری نێوان باکوور و باشووری کوردستان کەوتووەتەوە. ئەو ناوچەیە سەر بە شارۆچکەی سلۆپییە لە پارێزگای شرنەخ.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئاگرەکە لە ئەنجامی تۆپبارانی سەربازانی سوپای تورکیا کەوتووەتەوە و هیچ هەوڵێک بۆ کۆنتڕۆڵکردن و کوژاندنەوەی ئاگرەکە لەئارادا نییە.
هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە نە خۆیان دەستوەردان لە ئاگرەکە دەکەن و نە رێگە دەدەن خەڵکی ناوچەکە بچنە شوێنی رووداوەکە و کار بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە بکەن.
بەهۆی کاریگەریی با، ئاگرەکە تەشەنەی کردووە و رووبەرێكی فراوانی دارستانەکانی ئەو ناوچەیەی گرتووەتەوە.
ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی پارتی چەپی سەوز-یەسەپە، رۆژی پێنجشەممە، 27ـی تەممووزی 2023 لە پەرلەمانی تورکیا کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیان سازکرد و رەخنەیان لە وەزرارەتی کشتوکاڵ و دارستان و بەرپرسە کارگێڕییەکانی پارێزگای شرنەخ گرت، کە سەرباری ئاگادارکردنەوەیان نەهاتوونەتە سەرخەت و تەنانەت نکۆڵیان کردووە لە هەبوونی رووداوی ئاگرکەوتنەوە لەو ناوچەیەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ