لە کەرکووک جووتیارانی مانگرتوو لەنێو خێوەتدا جەژنیان کرد

29-06-2023
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
جەژنی جووتیارانی مانگرتووی کەرکووک لەنێو خێوەتدا
جەژنی جووتیارانی مانگرتووی کەرکووک لەنێو خێوەتدا
نیشانەکردن کەرکووک
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

جووتیارانی مانگرتووی کەرکووک لەنێو خێوەتدا جەژنیان کرد. زیاتر لە مانگێکە جووتیارانی کەرکووک دژی بڕیارێکی فەرماندەی فیرقەی 11ـی سوپای عێراق وەستاونەتەوە کە 29ـی ئایار بە نووسراوی فەرمی داوای لە فەرمانگەی کشتوکاڵیی کەرکووک کردووە، دەست بە جیاکردنەوەی زەوییەکانی کەرتی 23ـی دیبەگتەپە و 24ـی تۆپزاوا لە باشووری کەرکووک بکەن بۆ سوپای عێراق. 
 
مام عەبدوڵڵا، 50 ساڵ تەمەنی هەیە و مانگێکە لەنێو ئەو خێوەتەدا لە دژی هەڵمەتی دەست بەسەردا گرتنی زەوی گوندەکەیان لەلایەن سوپای عێراقەوە مانیگرتووە.
 
عەبدوڵڵا محەممەد، جووتیارێکە و بە رووداوی گوت: لە دوای نوێژی جەژنەوە هاتووم بۆ خێوەتەکە، ئەم خێوەتە هیوا و ئومێدی ئێمەیە بۆ ئەوەی کێشەکانمان چارەسەر بکرێت و زەوییەکانمان بۆ بگەڕێنرێتەوە، بەپێچەوانەوە لێرە بەردەوام دەبین تا کێشەکان چارەسەر دەبێت. داوا لە سەرکردایەتیی کورد دەکەین بێنە سەرهێڵ و کێشەکانمان بۆ چارەسەر بکەن. 
 
هەموو کارێکی کشتوکاڵییان لێ قەدەخەکراوە، وێڕای مانەوە و مانگرتنیان لەسەر شەقام، هێشتا وەڵامی داواکارییەکانیان نەدراوەتەوە و داوای جێبەجێکردنی تەواوی بڕگەکانی ماددەی 140 دەکەن.
 
سامی ئەحمەد، یەکێک لە نوێنەرانی جووتیارانی مانگرتوو دەڵێت: ئێمە لە ژێر چەتری دەستووری عێراق وەستاوین، ئەو دەستوورەی کە ماددەی 140ـی تێدا جێگیرکراوە و بەجێبەجێکردنی دەبێتە مایەی چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان و گەڕانەوەی ماف بۆ هەموو ئەو کەسانەی ستەمیان لێکراوە لە هەموو پێکهاتەکان، هەموو میللەتێک لە دونیادا دووچاری بەرزی و نشێوی دەبێتەوە گرنگ ئەوەیە خاکی نەدۆڕێنێت. 
 
تادێت پشتیوانییەکان بۆ جووتیارانی کورد و تورکمانی تۆپزاوا زیاتر دەبێت، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە رێگەی فەرمانگەکانییەوە گوشارەکانی بۆ سەر بەغدا زیادکردووە تاوەکو کێشەی ئەو زەوییانە چارەسەر بکرێن.
 
فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان گوتی، "لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیارەکەی هادی عامری وەکو بڕیارێکی گرنگ نرخێنراوە و بڕیاریش دراوە چاودێریی جێبەجێکردنی بکرێت، لە داهاتوویەکی نزیکیشدا کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەغدا ئەنجام بدرێت بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەی جووتیاران."
 
مانگرتنی جووتیارانی تۆپزاوا فراوانتر دەبێت، بەنیازن تاوەکو کێشەکانیان چارەسەر نەکرێت و ئەو دوو بڕیارەی سەردەمی بەعس هەڵنەوەشنرێتەوە کە زەوییەکانیانی پێ داگیرکراوە دەستبەرداری مانگرتن نەبن. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.