رووداو دیجیتاڵ
لە شارۆچکەی سەرێ کانی سەر بە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان، چوار کرێکار کە خەریکی هەڵکەندنی ئاوەڕۆیەک بوون، بەهۆی داڕوخانی زەوی ژێر خاک کەوتن. لەو سێ لە کرێکارەی بە برینداری رزگار کران، دووانیان گیانیان لەدەستدا و هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە کرێکارەکەی دیکە بەردەوامە.
رووداوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە سێی نیسانی 2025 لە گەڕەکی باهچەلی ئەڤلەر روویدا.
حەسەن شڵداک پارێزگاری رووها رایگەیاند، "لەو سێ لەو کرێکارانەی دوای ئەوەی لە کاتی کارەکانی ئاوەڕۆی شارۆچکەی جەیلانپنار خاک بەسەریاندا داڕما و گیریان خواردبوو، رزگارکران، بەڵام دووانیان گیانیان لەدەستدا و تائێستاش بەدوای یەکێکیاندا دەگەڕێین".
تیمەکانی فریاکەوتن دوای نزیکەی کاژێر و نیوێک کارکردن، سێ لە کرێکارەکانیان بە برینداری رزگارکرد. دوو لەو کرێکارانە کە دوای فریاگوزاری سەرەتایی بە ئامبولانس گوێزرانەوە بۆ نەخۆشخانە، نەتوانرا رزگار بکرێن.
هەوڵەکانی گەڕان و رزگارکردنی کرێکاری چوارەم بەردەوامە.
پارێزگاری رووها رایگەیاند، "بەداخەوە دوو لەو کرێکارانە کۆچی دواییان کردووە. باری تەندروستی ئەو کرێکارە رزگارکراوەش باشە. گەڕان بەدوای کرێکارێکی دیکە بەردەوامە. ناتوانین ئێستا زانیاری روون لەسەر تەندروستی ئەو کرێکارە بدەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ